پارێزگای هەولێر داوا لە خاوەن کار و کۆمپانیاکان دەکات مۆڵەت بە کارمەندان بدەن بۆ دەنگدان

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر، داوا لە خاوەن کار و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەکات، ڕێگە بە کارمەندانیان بدەن بچنە دەنگدان، گوتیشی: "سەرجەم ڕێگاکان و بازگەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریش کراوەیە و هاتووچۆى هاووڵاتییانیش ئاساییە."

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "خاوەن کار و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتىی لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، سبەى 2024.10.20، لە ماوەى دیاریکراوى بەڕێوەچوونى پرۆسەى دەنگدانى گشتیى کە مافى هەموو هاووڵاتییەکە لەو ڕۆژەدا بە ئازادانە بڕواتە سەر سندووقى دەنگدان و دەنگ بدات، بڕیارمان دا سەرجەم کۆمپانیا و خاوەنکارانى کەرتى تایبەت ماوەى 2 کاتژمێر مۆڵەت بدەن بە کارمەند و کرێکارانیان، تاکو لەو مافەى خۆیان بێبەشن نەبن و بەشداربن لەو پڕۆسە دیموکراتییە و دەنگ بدەن."

بەیاننامەکەشدا هاتووە "سەرجەم ڕێگاکان و بازگەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریش کراوەیە و هاتووچۆى هاووڵاتییانیش بە ئۆتۆمبێل لە ناوشار و قەزا و ناحییەکان ئاساییە و ڕێگە پێ دراوە."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئاگاداری سەرجەم کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیاکان دەکەینەوە، هەر خاوەن کار و کۆمپانیاییەک ڕێگەی پێیان نەدا، پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بکەن، (07504630101-  موقەدەم شڤان)."

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment