سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی لەسەر بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

دوا بەدوای بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست و ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە ژمارە (140) لە 25ـی 9ـی 2024، ڕەزامەندیی لەسەر بە هەمیشەییکردنی تەواوی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان درا.

دوای بڕیارەکانی کۆبوونەوەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و، ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە ژمارە (140) لە 25ـی 9ـی 2024، هاوکات بۆ بەرژەوەندیی تەواوی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری بە هەمیشەیبوونیانی دا.

لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەستدا هاتووە، فەرمانبەرانی گرێبەست، بەپێی ئەو مەرج و پێداویستی و پێوەر و ڕێکارە یاساییانەی کە لە حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەم بابەتە جێبەجێ دەکرێت، دەبنە هەمیشەیی.

هاوکات تێچووی دارایی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، هەمان تەرخانکراوی ئێستایان دەبێت کە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا پەسەند کراوە، وەک تەرخانکراوی دارایی میلاکی فەرمانبەرانی گرێبەست کە تۆماری بایۆمەترییان ئەنجام داوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفین، هەروەها سوود لە پلەی چۆلی وەزیفی بەهۆی جووڵەی میلاکاتەوە وەردەگیرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕادەسپێردرێت بۆ گشتاندنی ئەو مەرج و پێداویستی و پێوەر و رێکارە یاساییانەی کە لە حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست جێبەجێ دەکرێت، هەروەها سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی وەزارەت پێویستە لیستی ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست بەرز بکەنەوە بۆ وەزارەتی دارایی کە مەرجەکانی ئاماژەپێدراویان تێدایە، بە ڕەچاوکردنی تەرخانکردنی دارایی پەسەندکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست، بە مەرجێک نەبێتە هۆی بارگرانی دارایی زێدەکی.

لە کۆتا خاڵی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە کراوە، لە دوای ساغبوونەوەی شایستەبوونی فەرمانبەری گرێبەست بۆ هەمیشەییبوون بە پێی بڕگەکانی ئەم بڕیارە، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی لە چوارچێوەی لیستی مووچەی وەزارەت یان لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت ئامادە دەکات و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات، بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی.

چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست، بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستە ڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە.

هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتیی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ کراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە پەسەند کراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدراڵ لەم بارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستەی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment