ئیسرائیل دەیەوێت کۆتایی بەشەڕی لوبنان بێنێت
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2024، ئامۆس هۆکستین، نێردەی تایبەتیی ئەمەریکا بۆ کاروباری لوبنان، سەردانی بەیرووت بکات بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی واشنتن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی حزبوڵلا و سوپای ئیسرائیل.
مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە "جگە لە هۆکستین، چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەمان مەبەست بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە "ئیسرائیل داواکارییەکی لە بارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان داوەتە ئەمەریکا، سەردانەکەی نوێنەری تایبەتی بایدن بۆ گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان بە مەبەستی دۆزینەوە ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماتیانە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ."
لەلایەکی دیکەوە، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە "پێویستیان بە کۆتایی پێهێنانی شەڕە و لەم هەفتەیە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش بە سەردانێک دەچێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکوو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکاندا بکات."
هاوکات هاریس دڵگرانی خۆی بۆ کوژرانی خەڵکی مەدەنی غەززە بە هۆی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیلەوە دەربڕیوە و ئاماژەشی داوە "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات و ئەمەریکاش پشتیوانیی دەکات."
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، پێشبینی دەکرێت سبەی سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن لە یەکەم وێستگەی گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەردانێک بگاتە ئیسرائیل.
لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، و پشتیوانی لۆجستی حزبوڵلای لوبنان لە حەماس، شەڕی سوپای ئیسرائیل ئەوانیشی گرتەوە و تا دواجار بووە هۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای لوبنان لە 27ی ئەیلوولی 2024، لەو کاتەی لە گەڕەکی حاڕ حەریک لە باشووری بەیرووت لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی حزبوڵلا و ڕاوێژکارێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆبوونەوەدا بوون.