بومەلەرزەیەکی بەهێز ڕۆژهەڵاتی ئەندەنوسیای هەژاند

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی جیۆلۆجیی ئەمەریکا، ئەمڕۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.8 پلە دوورگەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئەندەنوسیای هەژاند، بەڵام تا ئێستا هیچ زیانێک ئاشکرا نەکراوە. 

ئەم بوومەلەرزەیە لە دورگەی تابات لە دەریای مالۆکای ڕووی دا، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر بووە. بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لەم دوورگەیەدا تۆمار نەکراوە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 50 هەزار کەسە.

دەستەی کەشناسی و جیۆفیزیکیی ئەندەنوسیا ڕایگەیاند "هیچ هۆشدارییەک لە ڕوودانی تسونامی نەبووە. هەروەها ئەو دوورگە فراوانە دەکەوێتە سەر 'پشتێنەی ئاگر' لە زەریای هێمن."

لە مانگی یەکی ساڵی 2021 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلە دورگەی سولاویسی هەژاند و بەهۆیەوە زیاتر لە سەد کەس مردن و هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.

لە ساڵی 2018دا زیاتر لە دوو هەزار و 200 کەس لە سولاویسی لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەکی توندوتیژ بە گوڕی 7.5 پلە گیانیان سپارد.

ساڵی 2004 بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز بە گوڕی 9.1 پلە لە پارێزگای ئاچەی دا، کە بەهۆیەوە تسونامییەکی گەورە ڕووی دا و زیاتر لە 170 هەزار کەس مردن.