حکوومەتی عێراق بایەخ بە شوێنەوارەکانی بابل نادات

بابل، کە سەردەمانێک ناوەندی شارستانەتیی جیهان بوو، دەیان شوێنەواری گرنگی لەسەرئاستی جیهان لێیە، بەڵام شوێنەوارەکانی پشتگوێ خراون. لەگەڵ ئەوەش دا، بەشێک لەشوێنەوارەکانی بوونەتە شوێنی فڕێدانی خاشاک، بەشێکی دیکەیان بەتەواوی لەناوچوون.

لەو بارەیەوە پسپۆڕان دەڵێن: "ئەوەی بەرامبەر بابل دەکرێت خیانەتە لەمێژووی ئەم شارە، پێویستە شوێنەوارەکان بپارێزرێن تا نەوەکانی داهاتوو بزانن ئەم شارە سەردەمانێک درەوشاوەترین شاری جیهان بوو."

بابل، ئەو شارە مێژووییە مەزنەی سەردەمانێک ناوەندی ڕۆشنبیریی وپێشکەوتنی جیهان بوو، دەیان شوێن و ناوچەی شوێنەواری گرنگی تێدایە کە گەواهیدەری گەورەی ئەم شارە لە ڕابردوودا دەدەن. بەڵام شوێنەوارەکانی بابل بەدەست پشتگوێخستنەوە گرفتارن؛ بەجۆرێک ئەم شوێنەوارانە خەریکە لەناو دەچن، ئەمەش بە ڕوونی لە پاشماوەی پادشا بابلییەکان دەردەکەوێت کە ئێستە بووەتە شوێنی فڕێدانی پاشماوەکان و شتومەکی تێدا دەستوێنن. شارەکە هۆتێک و پارک و شاری یاری تێدا نییە، ڕەنگە ئەم پشتگوێخستنەی بابل بەویست بێت."

بەها عەلکاوی، ئەندامی یونسکۆ لە عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "قسەیەک هەیە دەڵێن بابل هێندە شوێنەواری لێیە یونسکۆ لەخۆی دەگرێت نەک بەپێچەوانەوە، بەڵام بەداخەوە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هیچ بایەخیان بەم شارە نەداوە".

چەند لیژنەیەک بۆ بەدوداچوون بۆ شوێنەوارەکان دروست کراون، بەڵام ئەندامانی لێژنەکان  خەڵکی بەغدان و زانیاریان لەسەری نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە شوێنەوارەکان هێزی ئەمنیی تایبەت بیانپارێزن.

نەبوونی ژێرخانی گەشتوگوزار لە بابل وایکردووە شوێنەکانی ئەم پارێزگایە بەکەڵکی گەشتیاری نەیەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر بایەخ بەم شارە بدرایە، هۆتێل و باڵەخانی تێدا بکرایەتەوە و شاری یاری تێدابووایە، بابل لە ڕووی ئابووریەوە دەبوژایەوە و گۆڕانکاری سترایجییش لە عێراق ڕووی دەدا و هەروەها ئابوورییەکەی فرەچەشن دەبوو، چونکە نەوت هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدایە و بەرز و نزمی دەکات.

زەین شەلبی، پسپۆڕی شوێنەوار دەڵێت: "گرنگە کەرتی گەشتوگوزار لە بابل ببوژێنینەوە، چونکە ئێستە خەڵکی ئەم پارێزگایە دەچنە هەرێمی کوردستان بۆ گەشتوگوزار چونکە ئەوان ژێرخانیان هەیە."

گێڕانەوەی بابل بۆ پێگەی گەشتاریی و ڕۆشنبیرییەکەی پێویستی بە هەوڵی ڕژدی حکوومی هەیە، ئەمە لەگەڵ وەبەرهێنان لەژێرخانی گەشتیارییەکەی، چونکە جێهێشتنی ناوچە شوێنەوارییەکان بەو شێوەیەی ئێستە خیانەتە لەمێژوو. نەوەکانی داهاتوو شایستەی ئەوەن ئەو مێژووە ببین و بزانن پاشماوەکان چەند مەزنن.