کەمئاوی بەرۆکی پارێزگای ئەنباری گرتووە

بێئاوی پارێزگای ئەنباری ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵی مرۆیی کردووەتەوە، دانیشتووانی ئەنبار ماوەی چەندان ڕۆژ ئاویان پێ نادرێت، تەنانەت ئەو ئاوەشی بۆ خواردنەوەی پێیان دەرێت شیاوی خواردنەوە نییە.

چالاکوانانی سنوورەکە دەڵێن: "سەرباری خەرج کردنی دەیان ملیار دینار بۆ چارەکردنی کێشەی ئاو، بەڵام قەیرانەکە هێشتا چارە نەکراوە و ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتریش دەبێت."

ماوەی سێ ساڵە ئەنبار وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەهۆی بێئاوییەوە ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی بووەتەوە. ئەوەش بەهۆی وشکبوونی دەریاچەی حەبانییە.

فەلووجە، گەورەترین قەزای سنووری پارێزگای ئەنبارە، خەڵکی ئێرە بۆ چەندان ڕۆژ لەسەر یەک ئاویان پێ نادرێت، بەشێک لە خێزانەکانی فەلوجە ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن.

هاووڵاتییەکی ئەو پارێزگایە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو ئاوەی پێمان دەگات بەحساب ئاوی خواردنەوەیە بەڵام ئاوێکی بۆنناخۆش و تامناخۆشە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕەکەی زۆر کەمە جاری وا هەیە هەر ناگات. خەڵک هەندێک جار لە شەو تا بەیانی چاوەڕوانی ئاون، تکایە چارەیەکمان لێ بکەن."

هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: "ئێمە لە قەیرانی ئاوداین، واتای نییە لەساڵی 2024 بین بەڵام هێشتا بێئاو بین. ئەو ئاوەی پێشمانی دەدەن هەمووی قوڕ و لیتەیە بە ناچاری دەبێت بە فلتەر بی پاڵێوین بۆ ئەوەی بۆ خواردنەوە بشێت."

چارەنەکردنی کێشەی بێئاوی لەلایەن حکوومەتەوە قەیرانەکەی قوڵتر کردووەتەوە. نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە کەنار ڕووباری فورات لە ئەنبار دەژین و کێشەی کەمئاوییان هەیە. لەلایەکی دیکەوە چالاکوانانی ئەنبار نیگەران و بێزارن لە بێ پلانی بۆ چارە کردنی قەیرانی ئاو، سەرباری ئەو بودجە گەورانەی بۆ چارە کردنی پرسی ئاو خەرج کراون."

چالاکوانێک دەڵێت: "هۆی بێئاوی و پیسیی ئەو ئاوەی کە بەخەڵک دەدرێت دەگەڕێتەوە بۆ بایەخ نەدانی حکوومەت و بێپلانی لە بەکارهێنانی ئاو بەشێوەیەکی ستراتیجی لەوانەش دروستکردنی بەنداو و کۆگای هەڵگرتنی ئاو."

خەڵک وەک دۆسییەی گەندەڵی سەیری پرسی ئاو دەکەن، پێیانوایە بەرپرسان گەندەڵی لە پرۆژەکانی ئاو دەکەن و دەپرسن کەی حکوومەتی عێراق بایەخ بەم کێشەیە دەدات.

بەم دواییانە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو پەنای بۆ دانانی پەمپی پاڵاوتنی ئاو لە دەریاچەی سەرسار کردووە، بەڵام پرۆژەکە ماوەیەکی زۆرە بە نیویی جێهێڵدراوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە.