ئیسرائیل تۆڕێکی سیخوڕیی ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە
دادگای گشتی ئیسرائیل شانەیەکی نوێی دەستگیر کرد، کە سیخوڕی ئێران بوون، بەو پێیەی سەرجەم ئەندامەکانی هاووڵاتی جوو بوونە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییە دیارەکانی ئیسرائیل.
ئەم شانەیە، لە دادگای شاری ڕیشۆن لێزیۆن، گوتەیان لێ وەرگیراوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە ژمارەیان حەوت کەسە و هەموویان جوو ن و لە شاری حەیفا و ناوچەی باکوور نیشتەجێن؛ یەکێک لە تۆمەتبارەکان سەربازێک بووە دەستبەرداری خزمەتی سەربازی بووە. گومانیان لێ دەکرێت ئەوە ئەرکانەیان بەجێ گەیاندبێت کە لەلایەن کارمەندانی دەزگای هەواڵگریی ئێرانەوە پێیان سپێردراوە."
داواکاری گشتیی ئاشکرای کرد"ئەو حەوت کەسە زیاتر لە دوو ساڵ کاریان بۆ ئێران کردووە، هەروەها نزیکەی 600 ئۆپەراسیۆنیان کردووە، کە پێشتر هەواڵگری ئێران ڕایسپاردبوون، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بریتی بوون لە وێنەگرتن و کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی بنکە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی سەر بە سوپای ئیسرائیل، لەوانەش بنکەکانی هێزی ئاسمانی لە "نیفاتیم" و "ڕەمات داڤید" جگە لە بنکەی "کیریا" لە تەلئەڤیڤ کە بارەگای فەرماندەیی سوپا و وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی جەنگ جگە لە شوێنی بەتەرییەکانی گومبەزی ئاسنین و چەندان شتی دیکە."
هەروەها تۆمەتباران نەخشەی شوێنە ستراتیجییەکانی ئیسرائیلیان لە بریکارەکانی ئێرانەوە پێ گەیشتووە، لەوانە بنکەی مەشق و ڕاهێنانی سەر بە لیوای 'غۆڵانی' لە وادی عارە، کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو حزبوڵلای لوبنانی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئەو شوێنە و چوار سەرباز کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.
جگە لەوەش داوا لە تۆمەتبارەکان کراوە زانیاری لەسەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل کۆ بکەنەوە، چونکە چاودێریی کەسایەتییەکی باڵای ئەمنی ئیسرائیلیان دەکرد و چاودێریکردنەکە ماڵی ئەم کەسایەتییە و منداڵەکانیشی لەخۆ گرتبوو.
داواکاری گشتیی لە بەیاننامەیەکدا ناوی پێنج تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە ئاشکرا دەکات کە بریتین لە "ئەزیز نیسنۆڤ، ئەلێکساندەر سادکۆڤ، یگال نیسان، ڤیچسلاڤ گۆشچین، و یڤگنی یۆڤێی"، جگە لە منداڵانی کەمتەمەنی دیکە کە ناوەکانیان قەدەغە کراوە ئاشکرا بکرێت.
ئەو تۆمەتبارانە،لە بەرامبەر بڕە پارەیەک کە دەگاتە سەدان هەزار دۆلار، ئەو ئەرکانەیان بەجێ گەیاندووە، کە لە ڕێگەی دراوی دیجیتاڵی، یان لەلایەن گەشتیارانی ڕووسییەوە بۆیان خەرج کراوە، هەر حەوت گومانلێکراوەکە جوولەکەی بەڕەچەڵەک ئازەربایجانین، لە شارەکانی حەیفا و نۆف هەجلیل دەژین و بەشێکیشیان خزم و کەسوکاری یەکترن کە تێیاندایە (کوڕ و باوک)ن، و ماوەی 35 ڕۆژە دەسگیر کراون.