پیاوە سێ 'سەدە' کەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دەروێش عوسمان عەبدی نیا تەمەنی 123 ساڵە
مام عوسمان عەبدی نیا، خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی گوندی پیربەهادین تەمەنی 123 ساڵە و بە پیاوی سێ سەدە ناسراوە، ئێستاش لەسەر توانایە و بیرەوەریی لە دەست نەداوە و بە قاچەکانی خۆی ئاواییەکە دەگەڕێت.
ئاژانسی ئێرنا، ڕاپۆرتێکی لە بارەی ژیانی مام عەبدی نیا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە "بەنیازبوون ڕۆژی جیهانی بەساڵاچووان بکەنە بۆنەیەک بۆ ناساندنی عەبدی نیا، بەڵام پێشوەختە چاوپێکەوتنەکەیان لەگەڵ کردووە، کە یەکێکە لە خانەدان و خانەخوێکانی گوندی پیر بەهادین بۆ حەواندنەوەی خەڵکی بێگانە و میونداریی ئەو گەشتیارانەی ڕێیان دەکەوێتە ئەو گوندە."
مام عوسمان عەبدی نیا، باوکی پێنج منداڵ و 83 نەوەیە و بەم دوایانەش نەوەزایەکیان زیاد کردووە، بەڵام هاوسەرەکەی بە ناوی خەندان کە کچە مامی خۆی بووە 10ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە، ئێستاش خۆی لە لای ئیسماعیلی کوڕە بچووکی دەژیت و تەندروستێکی باشی هەیە، تەنیا گوێی گران بووە.
بە گوتەی خۆی "لە تافی لاوێتیدا بووە بە موردیدی یەكێک لە شێخەکانی دەڤەرەکە و 40 شەو چووەتە خەڵوەتی شەو نوێژ و نزاکردن." دەشڵێت: "ژمارەیەک لاو بووین چووینە خەڵوەت، هەرچەندە کارێکی سەخت بوو، بەڵام لەگەڵ چەند لاوێکی دیکە سەرکەوتوو بوون و 40 شەوەکەیان تێپەڕاندووە و بەشێک لە لاوەکانی دیکە هەر لە هەفتەی سەرەتا کشانەوە."
مام دەروێش عوسمان دەگێڕێتەوە "تەواوی تەمەنی لە گوند بەسەربردووە و بەردەوامیش خواردن و بەرهەمە سروشتییەکان خۆراکی بوون، تاوەکوو چەند ساڵ لەمەوبەر تەنیا ڕۆنی ئاژەڵی خواردووە و بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج تاکە ئارەزوویەتی، بەڵام تاوەکوو ئێستا بۆی نەلواوە بچێت."