بۆ دووەم جار دانیشتنی دادگەی ئیداری لەسەر یاسایی بوونی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک دواخرا

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنی دادگەی دادوەریی ئیداری بەغدا لەسەر یاسایی بوونی ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکووک بۆ ڕۆژی 24-11-2024 دوا خرا، کە ئەمە دووەم جارە دانیشتنەکە دوادەخرێت."

سەرچاوەیەک بۆ مێدیای ناوخۆی ئاشکرا کردووە "ئەمڕۆ دادگەی دادوەریی ئیداری لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پێداچوونەوە بە یاسایی بوونی ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات، کە تێیدا سکاڵاکە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، حەسەن مەجید و شوخان حەسیب پێشکەش کراوە، هەروەها ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب و تورکمان، سکاڵایەکیان لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمار کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دانیشتنی 10/8/2024ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن کە تیایدا ڕێبوار تەهایان بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژارد. لەوبارەوە دادگا ڕۆژی 16-10-2024ـی دیاری کردبوو بۆ دانیشتنی دادگە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی مانگ دوا خرا."

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو سکاڵایەی کە بڕیاربوو لە 16ی مانگ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، دواخرا بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئەو تانانەی کە لەلایەن ئەندامانی (کورد، عەرەب، و تورکمان) پێشکەش کرابوون، کە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکن."

لە 10ـی 8ـی 2024، پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی لە بەغدا بەبێ بەشداریی ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک نوێنەری عەرەب هەڵبژێردران، بەو پێیەی ڕێبوار تەها وەک پارێزگار و محەمەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

ڕۆژی 12ـی ئاب، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند "هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نایاساییە."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment