ئوسترالیا بەبەهای زیاتر لە چوار ملیار دۆلار مووشەک لە ئەمەریکا دەکڕێت
ئەمڕۆ سێشەممە، ئوسترالیا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێکی بە بەهای 4.7 ملیار دۆلار لەگەڵ ئەمەریکادا کردووە بۆ دابینکردنی مووشەکی پێشکەوتووی مامناوەند و دوورمەودا بۆ هێزە دەریاییەکان؛. هەروەها وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ سەیری ڕێککەوتنەکە دەکەن.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئوسترالیا مووشەکی "SM-6" کە کەشتیی هەڵیدەگرێت و توانای خستنەخوارەوەی فڕۆکە و مووشەکی کروزی هەیە، لەگەڵ مووشەکی "SM-2 Block III C"ـی مەودای مامناوەند لە ئەمەریکا دەکڕێت.
پات کۆنرۆی وەزیری پیشەسازی بەرگری ئوسترالیا گوتی: "ئوسترالیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕووبەڕووی ئاڵۆزترین ژینگەی جیۆستراتیجی دەبێتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم مووشەکە پێشکەوتووانە، سەلامەتی ئوسترالیاییەکان دەپارێزن و هەر نەیارێک ڕادەگرن و بەرگریی لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئوسترالیا دەکەن."
لە بەرامبەردا، ڕیچارد مارلز، وەزیری بەرگری ئوسترالیا ڕایگەیاند "مووشەکە نوێیەکانی ئەمەریکا، ئیرادەی سوپای ئوسترالیا بەرزدەکەنەوە و توانای بەهێز، بە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی دەدات."