ئەردۆغان پاڵپشتیی خۆی بۆ پێشنیازی ئازادکردنی ئۆجەلان ڕاگەیاند
سەرۆک کۆماری تورکیا، پاڵپشتیی خۆی بۆ پێشنیازی ئازادکردنی ئۆجەلان و پێشکەشکردنی گوتاریک لە پەرلەمانی تورکیا ڕاگەیاند.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی سەرۆک لقەکانی پارتەکەی وەک ئاماژەیەک بۆ قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و پێشکەشکردنی گوتارێک لەبارەی چەکدادانی پەکەکە ڕایگەیاند، دەیانەوێت، هەموو کەسێک لەوە تێبگات، تیرۆر لە ئاییندەی تورکیا جێگەی نابێتەوە.
هەروەها ناوبراو پاڵپشتیی خۆی بۆ پێشنیازی ئازادکردنی ئۆجەلان و پێشکەشکردنی گوتاریک لە پەرلەمانی تورکیا ڕاگەیاند.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاندبوو، ئەگەر سزا لەسەر ئۆجەلان هەڵگیرا، با بێت و لە کۆبوونەوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕابگەیەنێت کە تیرۆر کۆتایی هاتووە و ڕێکخراوەکە لەناوچووە".
باخچەلی ئاماژەی بەوە دابوو، کە دەستی برایەتی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) درێژ کردووە، هەورەها تورکیا پێویستی بە پرۆسەی چارەی نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە حیکمەت و هەنگاوی ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە بۆ بەهێزکردنی برایەتی هەزار ساڵە. هاوکات گوتبوی:کێشەی تورکیا کورد نییه، بەڵکو کێشەکە پەکەکەیە،
باخچەلی باسی لەوە کردبوو، کاتێک ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە هێنرایە تورکیا، گوتبوی: من ئامادەم بۆ هەر خزمەتێک.
سەرۆکی مەهەپە جەختی لەوەش کردبووەوە، کە با ئۆجالان تاکلایەنە ڕایبگەیەنێت تیرۆر کۆتایی هاتووە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.