هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هەرێمی کوردستان

هەنگاوی داهاتووی پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، پێکهێنانی حکوومەتی نوێیە. 

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی داهاتووی پارت و لایەنە سیاسییەکان پێکهێنانی حکوومەتە؛ کە پێویستە بە گوێرەی دەستوور و یاسا لە ماوەیەکی دیاریکراودا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردێ و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت. 

میکانیزمی یاسایی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە: دوای 10 ڕۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامەکان لە لایەن کۆمیسیۆنەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوا لە پەرلەمان دەکات کۆببنەوە، لە یەکەم کۆبوونەوەدا بە زۆرینەی پەنجا کۆ یەک سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریدەکرێت و دوای سوێندخواردنی یاسایی، ماوەی یاسایی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و پەرلەمان دەست بەکارەکانی دەکات. 

هەنگاوی دووەم، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 30 ڕۆژ دەکاتەوە، بە زۆرینەی ڕەها و سێ بەشی دەنگی پەرلەمانتاران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت. 

سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی دەخوات، دوای ئەم هەنگاوە، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی 15 ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیکبهێنیت. 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ماوەی 30 ڕۆژدا وەزیرەکان دیاری دەکات، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیران و کارنامەی حکوومەت ئاڕستەی پەرلەمان دەکات، وەزیرەکان بە شێوەی تاک دەنگیان پێ دەدرێت و کارنامەی حکوومەتیش بە زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان بە پەسندکراو هەژمار دەکرێت.