بەریتانیا و ئەڵمانیا ڕێککەوتنێکی نوێی بەرگرییان ئیمزا کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، جۆن هیلی وەزیری بەرگری بەریتانیا و هاوتا ئەڵمانییەکەی، بۆریس پیستۆریۆس، لە لەندەن ڕێککەوتنێکی بەرگری مێژووییان ئیمزا کرد، کە بە تایبەتی ڕێگە بە فڕۆکەکانی ئەڵمانیا دەدات لە بنکەیەکی سەربازییەوە لە سکۆتلەندا کاربکەن.
ئەم ڕێککەوتنە ناوی "ڕێککەوتنی ماڵی سێ کەسییە"، ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و گەشەی ئابوورییە لە بەرامبەر زیادبوونی دەستدرێژی ڕووسیا و پەرەسەندنی هەڕەشەکان، بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا کە دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند، ئەمە یەکەمین ڕێککەوتنی جۆرییە لە نێوان بەریتانیا و ئەڵمانیا، هەروەها مەرجی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سوپای ئەو دوو وڵاتە زیاتر پێکەوە مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ بەهێزکردنی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، فڕۆکەکانی P8ـی ئەڵمانی لە بنکەی سکۆتلەندی لە لۆسیمۆسەوە "بە شێوەیەکی خولی" کاردەکەن بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاراستنی کەنارەکانی باکووری ئەتڵەسی.
هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە هەردوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ هاوکار دەبن بۆ پەرەپێدانی چەکی هێرشبەری دوور مەودا کە بتوانێت بگاتە ئامانجەکان لە دەرەوەی ئەو ئامانجانەی کە ئێستا لەلایەن مووشەکەکانی 'ستۆرم شادۆ'ـی بەریتانیاوە دەکرێنە ئامانج.
هەروەها بەپێی ڕێکەوتنەکە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی تۆپی پۆڵاینی بەریتانی دادەمەزرێت، کە زیاتر لە 400 هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت، جۆن هیلی وەزیری بەرگری بەریتانیا لە بەیاننامەکەدا باسی لەوە کردووە، ئەم ڕێککەوتنە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەڵمانیا و ئاسایشی ئەوروپا زۆر بەرز دەکاتەوە.
لای خۆیەوە بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە "بەریتانیا و ئەڵمانیا نزیک دەبنەوە" دوای 14 ساڵ کە پارێزگاران دەسەڵاتیان لە بەریتانیا گرتە دەست و لەو ماوەیەشدا بەریتانیا ئەورووپای بەجێهێشت، وەزیرەکەی ئەڵمانیا هۆشداریشیدا و دەڵێت "نابێت ئاسایش لە ئەورووپا بە شتێکی ئاسایی وەربگرین".
گوتیشی: ڕووسیا شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا دەکات، بەرهەمهێنانی چەکی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، چەندین جار هێرشی تێکەڵاوی دژی هاوبەشەکانمان لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات دەست پێ کردووە، بەم ڕێککەوتنە، نیشانیدەدەین هاوپەیمانانی ناتۆ ئاگاداری پێداویستییەکانی ئێستان.