بەرەی مقاوەمە لە عێراق جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ئیلات

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە درێژەی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین و لوبنان، هەروەها لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی سوپای ئیسرائیل لە دژی خەڵکی مەدەنی دەیکات، لەنێویاندا منداڵ و ژن و بەساڵاچووان، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی ئۆکتۆبەری 2024، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
بەرەی مقاوەمە ڕایگەیاند بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئوم ڕەشڕەش، ئیلاتی بە ئامانج گرتووە. هەروەها دووبارە هێرشی کردووەتەوە سەر ئوم ڕەشڕەش و ئیلات، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
باسی لەوەشکرد، بۆ جاری سێیەم جۆلانی بە ئامنج گرتووە، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاماژەی بەوەش دا، بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ لەناوبردنی مۆڵگەکانی ئیسرائیل بە خێرایی.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگری لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ناوچەی ئیلات هەڵدرابوون.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدرابوون بۆ ئاوە سەروەرییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئیلات لەناو برد.