کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ: 38 دەستگیركراوی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای زیقار لەژێر لێکۆڵینەوەدان

نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، داواكاری گشتی 22 دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەكانی ئەمساڵی پارێزگاكەی بە کەفالەت ئازاد کردووە و 38 دەستگیركراویش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
ئەمە لەکاتێکدایە لە زیقار جارێكی دیكە خۆپیشاندان بۆ داواكردنی ھەلی كار و خزمەتگوزارییەكان سەریھەڵداوەتەوە و دەسەڵاتدارانیش ترسیان ھەیە خۆپیشاندانەكان بۆ شۆڕشێكی دیكە بڕوات.
داخل عەبدولحوسێن، بەڕێوبەری نووسینگەكە ڕایگەیاند، تاوەكو ئێستا 77 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیركراون، 17 كەسیان لە خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 و 60 خۆپیشاندەریش لە خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەش كرد، سیستەمی دادوەری و داواکاری گشتی ڕۆژی سێشەممە 22 دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەكانی ئەمساڵی بە کەفالەت ئازاد کرد و 38 خۆپیشاندەریش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
گوتیشی، ئەو 17 خۆپیشاندەرەی لە ساڵی 2019 دەستگیركراون، چواریان لە زینداندا ماون و 14 شیان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە بۆ بەغدا گواستراونەتەوە.
ھاوكات ئیحسان ئەبوو كەوسەر، كە یەكێكە لەو كەسانەی سەركردایەتی خۆپیشاندانەكانی پارێزگای زیقار دەكات ڕایگەیاند، سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکانی داهاتوو گواستراوەتەوە بۆ لای سەرکردەی ھۆزەكانی پارێزگاكە و بابەتەكە لەدەست ئەواندایە، گوتیشی، وادەیەكی دیاریكراو نییە بۆ گەڕانەوەی خۆپیشاندانەكان لە داھاتوودا.
لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندەران بەردەوام داوای هەلی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن، بۆ گوشار خستنە سەر بەرپرسانیش پەنا بۆ گرتنی ڕێگا سەرەكییەكان و سووتاندنی تایە و داخستنی فەرمانگە حكوومییەكان دەبەن.