کوردستان و سعوودیە ياداشتنامەی لێکگەیشتن لەبواری تەندروستیدا ئیمزا دەکەن
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکییەکان و ئەمینداری گشتیی دەستەی سعوودی بۆ پسپۆڕیە تەندروستییەکان، ياداشتنامەی لێکگەیشتن بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنەکە ئیمزا دەکەن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان، پڕۆفیسۆر د.ئاریانا خالس جەواد، ياداشتنامەی لێکگەیشتنی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی دەستەی سعوودی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان پرۆفیسۆر د.ئەوس شەمسان، بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنەکە، ئیمزا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان "ئامانج لە ئیمزا کردنی ئەم یاداشتنامەیە، پاڵپشتیی خوێندنی پزیشکی و ڕاهێنانی پیشەیی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ پەرەپێدانی کارمەندانی پزیشکی و تەندروستیی هەردوولا."
ئەنجوومەنی باڵای کوردستان دەشڵێت: "ئەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی پابەندبوونی هەردوو ئەنجوومەنەکە دێت بۆ باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی و پەرەپێدانی خوێندنی بەردەوام کە یارمەتیدەرە بۆ بەرەپێشبردنی ئاستی چاودێری تەندروستی لە ناوچەکەدا."
ئیمزا کردنی ئەم یاداشتنامەیە پاش ئەوە دێت، کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە لایەن دەستەی سعوودی بۆ پسپۆڕیە تەندروستییەکان، بانگێشتی پێشانگای تەندروستیی جیهانی کرا.