ئۆزگور ئۆزەل: هێرشی سەر کۆمپانیاکەی ئەنقەرە مایەی پرسیار و بیرکردنەوەیە
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا لەبارەی هێرشەکەی ئەنقەرە رایگەیاند "کردەوەیەکی لەو جۆرە لە کات و ساتێکی وەها مایەی بیرکردنەوەیە."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە دیاربەکرەوە هەڵسەنگاندنی بۆ تەقینەوەکەی ئەنقەرە کرد و گوتی: "ڕووداوەکە لە کات و ساتێکی وەهادا مایەی پرسیار و بیرکردنەوەیە."
گوتیشی: "هەوڵ دەدەن فرمێسکی چاوی دایکانی کورد و تورک بوەستێنن."
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە.
مێدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشکەران و هێزە ئەمنییەکان، یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە." باسیان لەوەش کرد "دوو چەکدار هێرشەکەیان بۆ سەر کۆمپانیاکە کردووە."
بەهۆی هێرشەکەوە 3 کەس کوژران و 14کەسی دیکە بریندار بوون، هەروەها دوو لە چەکدارەکانیش کوژران.