قسەکانی دەوڵەت باخچەلی لەسەر ئازدکردنی ئۆجەلان کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە

کاردانەوەکان لە تورکیا لەبارەی ئازادکردنی ئۆجەلان بەردەوامن، هەندێک پارتی سیاسی دژی ئەو بانگەوازەی دەوڵەت باخچەلین، بەڵام دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەشێوەیەکی گشتی پەیامی ئەرێنییان هەیە لەبارەیەوە هەیە.
دوای قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە گوتبووی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە بێت و پەیامی چەکدانان ڕابگەیەنێت" لە دوێنێوە ئەم بابەتە تەواوی سەردێرەکانی هەواڵی تەنیوە، هەندیک پێیان وایە قۆناغێکی نوێیە بۆ تورکیا، هەندێکی دیکەش دەڵێن: "بۆ مەرامی سیاسییە."
لای خۆیەوە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، لەبارەی پێشنیازەکەی باخچەلییەوە دەڵێت: "دوای قسەکانی باخچەلی، هەموومان هەوڵ دەدەین تێبگەین چی ڕوویداوە و چی ڕوودەدات."
هاوکات ئاماژەی بەوە دا "ئەگەر بابەتەکە تەنیا ئازادکردنی کەسێک و پێدانی کورسییەک بۆ قسەکردن و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بێت، بێگومان هەر ئەوە نییە و کێشەیە بەتەنیا قسەکردنی کەسێک لە پەرلەمان چارە ناکرێت، ناتوانن بڵێن شتیک نییە بەناوی کێشەی کورد، ئەگەر کەسێک قسەبکات، هەموو شتێک چارە دەبێت."
هاوکات گوتیشی: "کورد دەتوانێت بڕیار بدات کە ئایا کێشەیان هەیە یان نا نەوەک دەوڵەت باخچەلی."
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ پارتێکی دیکەی پەرلەمانی تورکیا دژایەتیی خۆی بۆ پێشنیازەکەی باخچەلی دەربڕی و سەرۆکەکەشی ڕایگەیاند "ئیلا مەگەر بەسەر لاشەی ئەوانەوە تێیپەڕێنن. هاوکات وەک ناڕەزایەتییەک بۆ باخچەلی، لە کورسیی گوتارەوە پەتێکی سێدارەیی فرێدایە خوارەوە."
لێدوانێکیش لە پەکەکەوە هات، هێلین، ئومید، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە رایگەیاند "تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ دەم پارتی دۆخیکی ئاسایی نییە، ڕووبەڕووی یپلانگێرییەکی دیکەن." راشیگەیاند "پێشنیازەکەی باخچەلی ئەنجامی خێرداری نابێت، هۆشداریشی داوە لەوەی بە تەپڵی باخچەلی هەڵناپەڕێت."