فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گوریۆن داخرا
بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر ناوچەکانی باکووری شاری ئەلەدی ئیسرائیل، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن داخرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر سەر ناوچەکانی باکووری شاری ئەلەدی ئیسرائیل و تا ئێستا زیانەکانی ئەو هێرشە نەزانراوە، بەهۆی ئەو هێرشانەش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گوریۆن گەشتەکانی ڕاگرت.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گوریۆن، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەرەکیی ئیسرائیلە و دەکەوێتە قەراغی باکووری ئەلەد و نزیکەی 45 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئۆرشەلیم و 20 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤ دوورە.
لە سەرەتادا ناوی فڕۆکەخانەی ئەلەد بوو، لە ساڵی 1973 بە ناوی دەیڤد بن گوریۆن، یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناونرا، فڕۆکەخانەکە وەک ناوەندێکی سەرەکی هێڵە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل وەک: ئەل عال، ئیسرائیل، ئارکیا و سەن دۆر خزمەت دەکات و لەلایەن دەزگای فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیلەوە بەڕێوە دەبرێت.
لە ساڵی 2019دا، ژمارەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی بن گوریۆن گەیشتە 24.8 ملیۆن گەشتیار. فڕۆکەخانەکە لە نێو پێنج فڕۆکەخانەی یەکەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە بەهۆی شارەزایی لە گواستنەوەی گەشتیاران و ئاسایشێکی توند، چونکە فڕۆکەخانەکە چەند هێرشێکی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستینەوە کراوەتە سەر، هەرچەند چەند جارێک هەوڵێک دراوە فڕۆکە لەو فڕۆکەخانەیە بڕفێندرێت، بەڵام هیچ هەوڵێک سەرکەوتوو نەبووە.