مەسرور بارزانی: حكوومەتی نوێ دەبێت خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان ئامادە بکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا لە قۆناغی ئامادەکاریداین بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە حکوومەتکە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو ئامادە بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیيانی زانكۆی كوردستان - هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکوومەت لە ئاهەنگەکەدا وێرای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان و کەسوکاریان ئاماژەی بەوە كرد، ئەم ئاهەنگی دەرچوونە چركەساتێكی مێژووییە لە ژیانی قوتابیيانی دەرچوو و خێزانەکانیان، بۆیە مرۆڤ، شانازی و هیوا لە چاوەكانی دەرچووان دەبینێت، لە كاتێكدا ئەوان خۆیان بۆ قۆناغێكی نوێی ژیانیان ئامادە دەكەن.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا تیشكی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی كوردستان و جەختی کردەوە، کە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکاریداین بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان. کە پێویستە حکوومەتکە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو ئامادە بکات، بە تایبەتی ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوورییەکان، ئەمەش دەخوازێت زیاتر هاوكاریی لە نێوان دامەزراوەكاندا هەبێت.
جەختیشی کردەوە، کە پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندن هەمیشە لە بەرنامە و كارە لەپێشینەکانی حکوومەتدا دەبێت.
ڕۆژی هەینی، 18ـی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.