مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان هەمیشە مەڵبەندێکی سەقامگیرییە لە ناوچەیەكی پڕ لە نائارامی

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیيانی زانكۆی كوردستان - هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، كە هاوهەڵوێست بوون لەبارەی گرنگی و برەودان بە بوارەکانی خوێندن و فێركردن، دەمانكات بە هێزێكی لە بن نەهاتوو، ئێستاش دەرفەتێكی نوێ هەیە بۆ ئەوەی ڕیزەكانمان یەك بخەین، بۆیە ئەرکی حكوومەتی نوێیە كە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببێتەوە و بە یەكڕیزییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ئەمنی و ئاڵنگارییە ئابوورییەكان بكات.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەرێمی كوردستان هەمیشە مەڵبەندێکی سەقامگیرییە لە ناوچەیەكی پڕ لە نائارامی و گێژاودا. جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.