لەیلا زانا پشتیوانی لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی دەکات

لەیلا زانا خانمە سیاسەتمەداری کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا
لەیلا زانا خانمە سیاسەتمەداری کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا

کەسایەتی سیاسیی باکووری کوردستان، لەیلا زانا لە پەیامێکدا پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕاگەیاند.

لەیلا زانا، دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و سەردانیی عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ لای عەبدوڵلا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە لە ئیمرالی، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە.

لەیلا زانا بە ئاماژەدان بە پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕایگەیاندووە، "تروسکایی ئومێد بۆ هەموو ئەوانەی گرفتاری شەڕ و ململانێ بوون، دەرکەوت!، سڵاو لەو کەسانەی چاوەڕوانی ئاشتین، چاوتان ڕوون."

لەیلا زانا، پەیامەکەیدا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکان دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی دەربڕیوە و ئاماژەیداوە، "ئێمە واتا ئەوانەی تینووی ئاشتیین، پشتیوانی ئەو کەسانە دەکەین کە هەوڵدەدەن ئەم پێشهاتانە بگۆڕن بۆ چارەیەکی دیموکراسی لەسەر ئاستی یاسایی و سیاسی. "

هەروەها لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "ئەوانەی تۆوی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێنن، پێویستە ئەوە بزانن؛ ئێمە بەردەوام دەبین پاڵپشتیکردنیان. بابەتەکە ڕیشەیی و قووڵ و مێژووییە!، هەموومان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و قووڵ و جیددیداین بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە، کە لانیکەم سەدەیەکە بەردەوامە. تۆوی ئاشتیمان کە دەیان ساڵ لەمەوبەر چێندراوە، با بەرهەمدار بێت، داهاتوومان ئازاد بێت".

سێشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند، پێویستە "عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە بێت و پەیامی چەکدانان  ڕابگەیەنێت". 

گوتەکەی باخچەلی مێدیاکانی تورکیا تەنی، هەندێک پێیانوایە قۆناغێکی نوێیە بۆ تورکیا، هەندێکی دیکەش دەڵێن: "بۆ مەرامی سیاسییە."

لە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا شاندێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە كە بە شاندی ئیمراڵی ناسرابوون، چەند جارێك چاویان بە ئۆجەلان كەوت، جگە لە گەیاندنی پەیامی پەكەكە بۆ ئیمراڵی لە ھەمانكاتدا چەند نامەیەكی ئۆجەلانیشیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گەیاندە قەندیل، بەڵام لە 5ی نیسانی 2015، ئەو دەرگایە بە ڕووی شاندی ئیمراڵی داخرا و دواتریش پرۆسەی ئاشتی شكستی ھێنا.

عەبدوڵلا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە ئۆپراسیۆنێکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن ڕفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕاڵی زیندانی کرا.

بەگوێرەی مێدیاكانی پەكەكە تائێستا پارێزەرانی ئۆجەلان 768 جار داوای بینینی ئۆجەلانیان كردووە، بەڵام داواكارییەکانیان ڕەتكراوەتەوە.