جۆیس بلەو دۆستی دێرینی کورد کۆچی دوایی کرد

جۆیس بلەو، دامەزرێنەری پەیمانگەی کوردی لە فەرەنسا و دۆستی دێرینی کورد لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕایگەیاند، بەهۆی کۆچی دوایی جۆیس بلەو، دامەزرێنەری پەیمانگەی کوردی لە فەرەنسا و دۆستی دێرینی کورد، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەکەی دەکەین.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، باسی لەوە کرد، خوا لێ خۆش بێت جۆیس بلەو، خزمەتێکی زۆری بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد کردووە.

رۆژی هەینی (12ـی ئایاری 2023)، وەک رێزلێنانێک بۆ خەبات و پشتیوانی لە دۆزی کورد، کتێبخانەی جۆیس بلەو کە دامەزرێنەری پەیمانگای کوردییە لە فەرەنسا، لەسەر قەڵای هەولێر کرایەوە.

ئەم کتێبخانەیە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان و دیمەشقی پایتەختی سووریا و عەممانی پایتەختی ئوردن هەیە، وەک رێزلێنان بۆ جۆیس بلەو. ئەو کتێبخانەیە لەسەر قەڵای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش کرایەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئۆلیڤەر دیکۆتیگنس، کونسوڵی گشتیی پێشووی فەڕەنسا لە هەولێر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوەکردبوو، "بە ئامادەبوونی خاتوو جۆیس بلەو، مەڕاسیمی کردنەوەی کتێبخانەی IFPO کە بەناوی بەرێزیان کراوە، وەکو رێزڵێنانێک بۆ ئەم ژنە ناوازەیە، کە دامەزرێنەری خوێندنی کوردییە لە فەرەنسا و پشتیوانێکی هەمیشەیی دۆزی کوردە".

جەمیس بلەو کێیە؟

جەمیس بلەو، لە 18ـی ئاداری ساڵی 1932 لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەدایک بووە، دامەزرێنەری پەیمانگەی کوردی لە فەرەنسا و دۆستی دێرینی کورد بوو، هاوکات ناوبراو چەندان کتێب و لێکۆڵینەوەی لەسەر زمان و ئەدەبییات و شارستانییەتی کورد هەیە.