پنتاگۆن بەکارهێنانی هێز لەلایەن سوپاوە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە
پنتاگۆن ئەو زانیاریانەی ڕەتکردەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا هێز لە دژی هاووڵاتیانی ئەمەریکا بەکاربهێنن.
سوزان گۆف، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" ڕایگەیاند، ئەو سیاسەتانەی پەیوەستن بە بەکارهێنانی هێزەوە لە ڕێنمایی ژمارە (5240.01)ـی وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی پێکراوە، شتێکی نوێ نین و وەزارەتی بەرگریش ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز دژی هاووڵاتیانی ئەمەریکی نادات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەرکردنی ئەو یاسایە وهەموارکردنەوەی لە کاتێکدا بووە، پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە نەبووە.
گۆف، ئاماژەی بەوەش دا، بەکارهێنانی هێز لەئەمەریکا لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی ئەمەریکی نایاساییە، تەنها لە حاڵەتەکانی بەرگریکردن لە خۆدا نەبێت، وەک ئەوەی یاسا دیاریی کردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن مایکل فلین، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و ڕۆبەرت کێنێدی جونیۆر، کاندیدی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، هەموارکردنەوەی سیاسەتی وەزارەتی بەرگریی، لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا دەرچوو، ئامادەکرابوو بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کە بڕیارە لە 5ـی ئەم مانگە بکرێت.
لای خۆیەوە کێنێدی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و کامالا هاریس، کاندیدی جێگری سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پاڵیان بە ڕێنمایییەکەوە نا بۆ وەزارەتی بەرگریی، ڕێگە بە بەکارهێنانی هێزی چڕ بدات، دژی ئەو ئەمەریکییانەی کە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکوومەت.