لە بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان سێ ڕۆژنامەنووس کوژران

مێدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە، ئیسرائیل بە فڕۆکە هێرشی کردە سەر هۆتێلی حاسبیایە لە باشووری لوبنان و بەو هۆیەوە سێ ڕۆژنامەنووس کوژراون.

کەناڵی هەواڵی ئەلمەیادین بڵاویکردەوە، غەسان نەجار، کامێرامانی کەناڵەکە و محەممەد ڕێدا، ئەندازیاری پەخشی کەناڵەکە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونیان لە هۆتێلێک کوژراون.

کەناڵەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بە مەبەست بووە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ کەناڵە عەرەبییەکانی دیکە کە کاردەکەن، لە لوبنان.

ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیک لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل بە مووشەکێک، شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک ڕۆژنامەنوسی سەر بە زیاتر لە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و عەرەبی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە سێ کەسیان کوژران.

ڕاشیگەیاند، هۆتێلەکە پەیامنێر و فۆتۆگرافەرێکی کەناڵی جەدیدی لوبنانی و تیمی کەناڵی ئەلجەزیرە و ئەلمەیادین لێبووە.