ناوەندیی سەرەکیی "دەم پارتی" لە ئەنقەرە هێرشی کرایە سەر

ناوەندیی سەرەکیی دەم پارتی لە ئەنقەرە
ناوەندیی سەرەکیی دەم پارتی لە ئەنقەرە

درەنگانی شەوی ڕابردوو پێنجشه‌ممه‌، 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، کەسێک لە ناوچەی "بالگات"ـی ئەنقەرە، هێرشی کردە سەر ناوەندیی سەرەکیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و دوای ماوەیەکی کەم دەستگیر کرا.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، کەسەکە بە بەرد هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانەکە و جامەکانی ڕووی دەرەوەی شکاندووە، تابلۆی پارته‌كه‌ی شێواندووە، دواجار لەسەر ئاگەدارکردنەوەی پۆلیس لە لایەن هاووڵاتییان، دەستگیر کراوە.

هێرشەکە دوای ئەوە دێت، ڕۆژی 22ـی ئەم مانگە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە گرووپی فراکسیۆنی پارتەکەی ڕایگەیاندبوو، لەپێناو نەهێشتنی تیرۆر، عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە بەندیخانە دەربهێندرێت و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان، چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.

دوای ئەم بانگەوازە، کاردانەوەیه‌کی زۆر لە سیاسەتی ئەو وڵاتە دروست بووه‌. لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە کۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانیی و بۆشاییگەریی تورکیا (توساش) لە لایەن دوو چەکداری پەکەکە کرایە ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا 5 کەس گیانیان كوژران و 22ـی دیکەش بریندار بوون.