جێری تۆرێس: لە هەر بارودۆخێکدا بێت ئەمەریکا پشتگیری کوردستان دەکات

جێری تۆرێس، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گەر خەڵکی عێراق ئارامی و ئاشتییان دەوێت پێویستیان بەهاوکاری ڕۆژئاوایە.

ئەو کاندیدە گوتی؛ کوردستان هەرێمی جوانە، پێم سەیرە هێشتا بەشێکن لە عێراق، گەر دەربچم بۆ کۆنگرێس پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ کوردەکان دەبێت و لە ڕووی ئابوورییەوە هاوکاریان دەکەم، هەروەها پاداشتیان دەدەمەوە بۆ بەشداری کردنیان لە تێکشکاندنی داعش.

گوتیشی: "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ سەدام حوسێن نەدەویست، بەڵام ئەگەر خەڵکی عێراق ئاشتییان دەوێت و پێوسیتان بە بەشداری ڕۆژئاوایە، ئێمە ئامێزمان بۆیان کراوەیە. بۆیە بەڕای من دەبێت سیاسەتمان لەگەڵ عێراق بەو جۆرە بێت. هاوکاریان دەکەین لە ڕووی ئابوورییەوە، کاتێک ئابوورییەکی باشمان هەیە.

جێری تۆرێس، دەشڵێت: "من کوردستان و کوردەکانم خۆش دەوێت، ئەوە بزانە ئەوان بە یاسایی بەشێکن لە عێراق. من هەرچۆنێک بێت پشتگیریان دەکەم، من پەیوەندییەکی باش، بەهێز و کراوەم لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەوێت. هەروەها ئەمەریکا لە هەر بارودۆخێکدا پشگیری کوردستان دەکات، هەر یارمەتییەکیشی بوێت، پێشکەشی دەکەین".