فوئاد حوسێن: لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان هەیە

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: حکوومەتی عێراق بەکارهێنانی ئاسمانی خۆی لەلایەن هەر لایەنێک بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی لایەنەکانی دیکە ڕەت دەکاتەوە و ئاسمانی وڵاتەکە گۆڕەپانی شەڕ نییە. هاوکات دەڵێت: لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان هەیە.
ئەمڕۆ هەینی 25ـی تشرینی یەکەمی 2024، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەری مێدیای فەرەنسی و عەرەبی کۆ بووەوە و باسیان لە دۆخی عێراق، لوبنان و تورکیا کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە دەستپێکی قسەکانیدا، نیگەرانیی عێراقی لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕ لە لوبنانەوە بۆ وڵاتانی دیکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لە ڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانییەوە هەوڵ دەدات ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە غەززە و لوبنان ڕابگەیەنرێت.
ناوبراو باسی لەوە کرد، کە حکوومەتی عێراق بەکارهێنانی ئاسمانی خۆی لەلایەن هەر لایەنێک بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی لایەنەکانی دیکە ڕەت دەکاتەوە.
لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکاوە، فوئاد حوسێن دەڵێت: پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە، کە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ پاراستنی عێراق و دوورخستنەوەی لە ململانێکان لەخۆ دەگرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق، باسی هێرشەکەی ئەنقەرەی کرد و گوتی: ئەو هێرشە تیرۆرستییەی سەر کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی بە توندی سەرکۆنە دەکەم. هاوکات جەختی لە بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کردەوە.
هەروەها گوتیشی: ڕاستە هەندێک خاڵی ناکۆمان لەگەڵ تورکیا هەیە بەڵام ئەویش پێکەوە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارە دەکەین.