حەشارگەکانی داعش لە سنووری گەرمیان بەچڕی بۆمباران کران

هێزی ئاسمانی عێراق (وێنە: ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان)
هێزی ئاسمانی عێراق (وێنە: ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان)

فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی عێراق سێ جار بە دوای یەکەوە حەشارگەکانی چەکدارانی داعشی لە چەند ناوچەیەکی نێوان شارۆچکەی کفری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و شارۆچکەی خورماتوو بۆمباران کرد، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانیش ڕایگەیاند، لە هێرشەکەدا چوار چەکداری داعش کوژراون.

سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری گەرمەسێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، نزیک کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 25ی نیسانی 2024، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی عێراق سێجار بە سەر یەکەوە چەند ناوچەیەکیان لە نزیک سنووری غەڕە، پەڵکانە و دوراجی نێوان شارۆچکەکانی کفری و خورماتوو بە چڕی بۆمباران کردووە، کە لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بووەتە مۆڵگە و حەشارگەی چەکدارانی داعش.

سەرچاوەکەی پێشمەرگە گوتیشی: هەرچەندە تاوەکوو ئێستا چەندین جار ئۆپراسیۆنی كێوماڵکردن لەو ناوچانە کراوە، بەڵام بە هۆی سەختی و ستراتیجی ناوچەکان، داعش لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە لەو ناوچانە بەدی دەکرێن و تەراتێن دەکەن، چونکە هەرسێ پارێزگای دیالە، سەڵاحەددین و کەرکووک بەیەکەوە دەبەستنەوە.

هەروەها شانەی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 هێزی ئاسمانی عێراق و لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگرییەوە بووە، بۆ سەر حەشارگەکانی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، توانراوە چوار داعش لە سنووری پەڵکانە بکوژن.

هەروەها دوێنێ سابرینا سیگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بە كوردستان 24ی ڕایگەیاند، چاڵاكییەکانی داعش بەردەوامە و هێشتا جێی مەترسییە، هەربۆیە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی ئەمەریکا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق دژی ئەو ڕێكخراوە بەردەوام دەبێت.