دەزگای هەواڵگریی تورکیا: لە عێراق و سووریا 120 خاڵی سەر بە پەکەکە و یەپەگەمان کردووەتە ئامانج

لۆگۆی دەزگای هەواڵگریی تورکیا
لۆگۆی دەزگای هەواڵگریی تورکیا

دوای تەقینەوە و هێرشەکەی سەر کۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانی تورکیا (توساش)، دەزگای هەواڵگریی تورکیا رایگەیاند، دوای هێرشەکە تا ئیستا 120 خاڵی سەر بە پەکەکە و یەپەگە کراونەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا، بۆ مەبەستی بە ئامانجگرتنی پەکەکە و یەپەگە بەردەوام دەبن.

لەلایەکی دیکەوە دەزگای هەواڵگریی تورکیا، ڕایگەیاند، دوای تەقینەوە و هێرشەکەی سەر کۆمپانیا پیشەسازیی ئاسمانی تورکیا (توساش) لە ئەنقەرە، تا ئێستا 120 خاڵی سەر بە پەکەکە و یەپەگە کراونەتە ئامانج.

لە ناوخۆی تورکیاش بەرەبەیانی ئەمڕۆ 176 کەس بەتۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە دەستگیر کراون، کە بەشێکیان لەلایەن پەکەکەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێدراوە، بەشێکیشیان سەرچاوەی داراییان کۆکردووەتەوە.

لای خۆیەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیوویەتی: هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی پەکەکە دەست پێکردووە و لە 31 شار 176 کەس دەستگیر کراون.

لە شەوی چوارشەممەوە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچە جیاجیاکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومان دەکات، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 14 هاووڵاتی و برینداربوونی 40 کەسی دیکە.

ئەم هێرشانەش دوای ئەوە هات، پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر بارەگای کۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانی تورکیا (توساش) لە ئەنقەرە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکەش، بۆردومانی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەگەلێکی بەرفراوان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێکرد و بە ڕوونی دامەزراوە خزمەتگوزاری و نەوت کراونەتە ئامانج .

ئەمڕۆ هەینی 25ـی تشرینی یەکەمی 2024 ناوەندی پاراستنی گەلی سەر بە هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی ڕۆژی 23ـی ئەم مانگەی ئەنقەرە کە لە ئەنجامدا 5 کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش برینداربوون، لەلایەن گرووپێکەوە کراوە بەناوی تابووری نەمران.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی پەکەکە، کردەوەکە لەلایەن دوو چەکداری سەر بە هەپەگە کراوە بەناوەکانی ئاسیا عەلی و ڕۆژگار هێلین.

هەپەگە دەشڵێت: هۆکاری بەئامانجگرتنی توساش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دەزگایە چەک و تەقەمەنی دروست دەکات و منداڵ و خێزانی کورد، بەهۆی بەرهەمەکانی ئەو دەزگایەوە گیان لەدەست دەدەن.