پرسی کورد لە تورکیا دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە
پارتە گەورەکانی تورکیا، دەم پارتی و تەنانەت خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامی ئەرێنییان هەیە. سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت: ئاکپارتی پێشتر زەمینەسازیی بۆ ئەو قۆناغە کردووە، هاوکات ئەردۆغان جەخت لەوە دەکات، سەرەڕای هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممە، بەردەوام دەبن لە ئامانجەکانیان و دەیانەوێت تورکیا لە تیرۆر رزگار بکەن.
"ئەگەر هەلومەرج لەباربێت، هێزی تیرۆری و پراکتیکیم هەیە هەنگاوەکان لە ناکۆکی و توندوتیژییەوە بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی بگوازمەوە." ئەمە کۆتا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەڕی زیندانیکراوی پەکەکەیە لەبارەی ئەو بانگەوازەی کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە بۆ ئازادکردنی و قسەکردنی لە پەرلەمانی تورکیا ڕاگەیەندراوبوو بە مەبەستی ئەوەی چەکدانان و هەڵوەشاندەوە پەکەکەی ڕابگەیەنێت.
تەواوی سیاسەتمەدارانی کورد لە تورکیا پاڵپشتی قۆناغە نوێیەکە دەکەن، ئەوان پێیان وایە، نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بچێت.
عەبدولڕەحمان قورت، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دەم پارتییەوە تاوەکو جەهەپە و مەهەپە هەموو لایەنە سیاسییەکان هەمان تێگەیشتینیان هەیە. ئێستا ئاکپارتی پەلەی نییە بەڵکو دەیەوێت ئەنجامی هاوبەش جێبەجێ بکات.
باسی لەوەش کرد، ئاکپارتی نەخشەرێگەی قۆناغەکەی داڕشتووە و ئامادەکارییەکانیشی تەواو کردووە، ئەو قسانەی باخچەلی دەیکات ئێمە پێشتر کارمان لەسەری کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش جەخت لە بەردەوامیی پرۆسەکە دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو دەستەی کە لە هاوپەیمانیی کۆمارەوە درێژ کراوە، پێویستە بەهایەکەی بزانرێت.
دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەش خیانەتکاران، بەردەوام دەبن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و کە بریتییە لە بنیادنانی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر و ناسەقامگیریی.