چەند لایەنێک لەپێناو دەستکەوتی حزبی و کەسی دەیانەوێت لە پرۆژەی هەژماری من بدەن

هەژماری من
هەژماری من

هەڵمەتێکی چەواشەکاریی لە دژی پڕۆژەی هەژماری من دەستی پێکردووە و چەند لایەنێک لە پێناو دەستکەوتی حزبی و کەسی، دەیانەوێت لە پڕۆژەکە بدەن.  دژایەتیکاران، جارێک بە ناوی دادگەی فیدراڵی و جارێک بە ناوی بانکی ناوەندی هەوڵی کەمکردنەوەی بایەخی پرۆژەکە دەدن، لە کاتێکدا هەردوو لایەن بە فەرمیی جەختیان لە یاساییبوونی پڕۆژەکە کردووەتەوە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سەرەتای راگەیاندنی پرۆژەکە بەڵێنی بەردەوامی دا و ئێستاش پرۆژەکە ڕۆژ بە ڕۆژ لە فراوانبوون دایە.

هەر لە دەستپێکی هەڵمەتی لێدان و چەواشەکردنی هاووڵاتییان لەبارەی پرۆژەی هەژماری من، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هۆکاری دژایەتییەکەی بۆ دووشت گەڕاندنەوە، نەبوونی شارەزایی و مەرامی شەخسی. 

بەم دواییە هەڵمەتێکی دیکە لە دژی پرۆژەکە دەستی پێ کردووەتەوە، بەڵام دوای ئەو هەموو هەوڵەی تیمی هەژماریی من  پێ دەچێت ئەم جارە مەرامەکان زیاتر ڕوویان لە بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی بێت نەوەک نەبوونی شارەزای.

دژایەتیکاران جارێک بە ناوی دادگەی فیدراڵی و جارێک بە ناوی حکوومەتی عێراق هەوڵی لێدان لە پرۆژەکە دەدەن، لە کاتێکدا هەردوو لایەن دانیان بە یاسایی بوونی پرۆژەکەدا ناوە. 

دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندیی لەسەر پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکەکانی (هەژماری من) دا. جاسم محەممەد عەببوود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بە پێی بڕیاری دادگای فیدرالی، پرۆسەی بە بانکیکردن هەموو بانکە حکوومییەکان و هەموو ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە لە لایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.

نووسراوەکەی دادگای فیدراڵی، ئاماژە بە لیستێکی هاوپێچی بانکی ناوەندیی عێراق دەکات کە ناوی 66 بانکی تێدایە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەو بانکانەشەوە کە لە پرۆژەی ( هەژماری من) بەشدارن.

بانکی ناوەندیی عێراقیش کە دەسەڵاتی یەکەمی جووڵەی دراو و بانکەکانە، بە شێوازی خۆی جەختی لەهەمان خاڵی دادگەی فیدراڵییەوە کردووەتەوە، پێشتر بەرپرسی ڕاگەیاندی ئەو بانکە لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بانکی ناوەندی چ پرۆژەی "تەوتین" بێت یان "هەژماری من" هەردووکیان یەک پرۆژەن و ئامانج لە هەژماری من و تەوتین، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەیە.

پڕۆژەی هەژماری من بەردەوامە و سەرۆک وەزیران لە سەرەتای ڕاگەیاندنی پرۆژەکە جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام دەبین و ئەم خزمەتگوازرییە بە هەموو خەڵک دەگەیەنین.