بلینکن بە دەستی بە تاڵ کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی 25ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆتایی بە یازدەیەمین گەشتی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و ئاگربەستی شەڕ لە غەززە و لوبنان بکرێت.

بلینکن پێشتر لە دوا سەردانیدا بۆ ئیسرائیل لە مانگی ئابی ڕابردوو بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو، لەوانەیە ئەمە دوایین دەرفەت بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاگربەست، بەڵام پێنجشەممە ئەمەریکا و قەتەر دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی دانووستانەکانیان بۆ ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیاند.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بلینکن و بەرپرسانی ئەمەریکا بەراورد بە درێژایی یەکساڵەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل کەمتر دەستەواژەی ئاگربەستیان بەکارهێناوە، بەڵکو زیاتر جەخت ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن کە گومان دەکرێت هەر لە تونێلەکانی کەرتی غەززەدابن، لە کاتێکدا کەرتەکە بە تەواوی گەمارۆ دراوە و وێران بووە.

بلینکن ئەمڕۆ هەینی بەر لە کۆتایی هێنان بە سەردانەکەی، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی وڵاتە عەرەبییەکان لە لەندەن باسی لە بیرۆکەی قۆناغەکانی سەقامگیری، دەسەڵاتدارێتی و ئاوەدانکردنەوەی غەززە کرد. ڕاشیگەیاند، ئێسات کاتی ئەوەیە هەر وڵاتێک بڕیار بدات چ ڕۆڵێک دەگێڕێت و چ توانایەکی هەیە بۆ ئەوەی غەززە لە شەڕەوە بۆ قۆناغی ئاشتی بگوزینەوە.

هەروا ڕایگەیاند، ئیسرائیل زۆربەی ئامانجە ستراتیژییەکانی لە غەززە بەدەستهێناوە، بەتایبەتی دوای کوژرانی یەحیا سینوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی لە هەفتەی ڕابردوودا.