لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان 3 ڕۆژنامەنووس کوژران

لە بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەزای حاسبییەی باشووری لوبنان، سێ ڕۆژنامەنووس کوژران و ژمارەیەکی دیکە بریندرا بوون.

ئەمڕۆ هەینی 25ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئاژانسی هەواڵی لوبنان بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان دەست پێکرد  و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، هەروەها لە قەزای حاسبییەی باشووی وڵاتەکە 3 ڕۆژنامەنووس کوژران و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون، هەروەها 4 باڵەخانەش خاپوور کران.

لای خۆیەوە کەناڵی ئەلمەیادنی لوبنانی ڕایگەیاندووە، لەنێو کوژراوەکاندا غەسان نەجار، وێنەگر و محەمەد ڕەزا، ئەندازیاری پەخش هەن کە کاریان بۆ کەناڵەکە دەکرد، هەروەها ویسام قاسم، وێنەگری کەناڵی ئەلمەناری سەر بە بزووتنەوەی حزبوڵڵا. ڕۆژنامەنووسانی شوێنی ڕووداوەکە ڕایانگەیاندووە، کە بۆردومانەکە ڕاستەوخۆ شوێنی نیشتەجێبوونەکەیانی کردووەتە ئامانج.

لای خۆیەوە نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی کرد و ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی ئەو تاوان و وێرانکارییەی کە  دەیکات، ئامانجی ترساندنی مێدیاکارانە و دەیەوێت دەستدرێژییەکانی پەردەپۆش بکرێن و بڵاو نەکرێنەوە.

بەگشتی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان تا ئێستا دوو هەزار و 593 کەس گیانیان لەدەست داوە و  12 هەزار و 119 کەسیش بریندار بوونە، لەنێو کوژراو و برینداران ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ هەن. هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار دانیشتووی باشووی لوبنان ئاوارە بوونە.

ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای ئیسرائیل - وێنە: ئەرشیف

 

دەستەی پەخشی ئیسرائیل: ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای وڵاتەکە لە لوبنان لە کۆتایی نزیک بووەتەوە

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی زەمینی سووپای وڵاتەکە لە باشووی لوبنان لە قۆناغی کۆتایی دایە.

بەپێی خەمڵاندنی بەرپرسانی ئیسرائیل، پێشبینی دەکرێت ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ماوەی هەفتەیەکدا تەواو بێت، بەڵام ئەوەشیان نەشاردەوە ئەگەر گۆڕانکاری لە کۆتا خولەکدا بکرێت و بڕیاری نوێ دەربچێت لەوانەیە ئۆپەراسیۆنەکە درێژە بکێشێت.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل دەستکەوتی باشی لە باشووی لوبنان بەدەست هێناوە و سەرکەوتو بووە لە لەنابورردنی ژێرخانە سەربازییەکانی حزبوڵڵا.

هێرزی هالێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل، پێشتر ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ئیسرائیل بگاتە کۆتایییەکی یەکلاکەرەوە بۆ ململانێکان لەگەڵ حزبوڵڵا. ئاماژەی بەوەش دا بوو، کە سوپای وڵاتەکەی سەرکەوتوو بووە لە لەناوبردنی سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حزبوڵڵا.