پەرلەمانتارێک: ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر یەک کاندید بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان خەیاڵە

ئەمڕۆ شەممە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر یەک کاندید بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە 'خەیاڵ' زانی، جەختیشی لەوە کردەوە هێشتا گفتوگۆکان لەو بارەوە بەردەوامن."

زەیتون دلێمی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ئاڵۆزبووە و چارەکردنی ئاسان نییە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیرادەی هێزە سیاسییە سوننە و شیعەکان، دەستوەردانی لە کاروباری یەکتردا کردووە." گوتیشی:" زۆر قورسە لایەنەکان لەسەر کەسێک ڕێک بکەون تاوەکو ببێتە سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەرایەتیی هەموو هێزولایەنەکان بکات، بۆیە ئەوە خەیاڵە."

دلێمی ئاماژەی بەوەش کرد "ئێستا گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان لەوبارەوە بەردەوامن، هیوادارین دوو یان سێ کاندید دیاری بکرێن، بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدەن و هەلیانبژێرن."

سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، موسەنا سەمەڕائی، ڕایگەیاند "هاوپەیمانیەکەی داوا دەکات بەشداریی هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان نەکات کە سەرۆکی پەرلەمانی تێدا هەڵنەبژێردرێت."

دوێنێ هەینیش، خالد عوبێدی، سەرۆکی کوتلەی سەدارە گوتی: "کۆدەنگی سوننە لەسەر دەستنیشانکردنی یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، پەیامی بەهێزی و یەکگرتوویی سوننەکانە."

رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانە بوو کە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لە نێوانیاندا ڕوویان دابوو.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment