سێ ھەزار پزیشک و كارمه‌ندی ته‌ندروستی لە ئێران تووشی كۆرۆنا بوون

K24 - هەولێر

لە ئێران سێ ھەزار پزیشک و كارمه‌ندی ته‌ندروستی لە ده‌ستپێكی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تووشی ئەو ڤایرۆسه‌ بوون.

رەزا جەلیلی، سەرۆكی نەخۆشخانەی تەجریش لە تاران لە كۆبوونەوەیەكدا ئاماری تووشبووانی كارمه‌ندانی ته‌ندروستیی بە پەتای كۆرۆنای ئاشكرا كرد و، رایگەیاند لەسه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی پەتای كۆرۆناوە لە ئێران، جگە لە تووشبوونی سێ ھەزار كارمه‌ندی ته‌ندروستی بە ڤایرۆسەکە، ھاوكات 110 پزیشک و کارمەندی تەندروستیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

جەلیلی ئاماژەی بەوەشدا، بەشی زۆری تووشبووان و ئەوانەش كە گیانیان لەدەستداوە، لە پەرستاران و كارمه‌ندی بەشی تاقیگە و دواتر پزیشكەكانن.

ئەو ئامارە لە كاتێكدایە، بەرپرسە ئێرانییەکان ئێستاش هۆشداری دەدەن؛ ھێشتا كۆرۆنا لە ئێراندا بەربڵاوە و، رۆژانە زیاتر لە هەزار كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە دەبن.

بەپێی دوا ئامارەكان، تائێستا 7 ھەزار و 508 كەس بەھۆی كۆرۆناوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و، 139 ھەزار و 511 كەسیش تووشی ئەو پەتایە بوون.

Fly Erbil Advertisment