عێراق سێیەم خراپترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی پاراستنی ژینگەوە

بەگوێرەی پێوەرێكی جیھانیی بۆ ئەمساڵ، عێراق سێیەم خراپترین وڵات و لۆكسمبۆرگیش بە باشترین وڵات دێت بۆ پاراستنی ژینگە، ئەم ئاستەی عێراق لە كاتێكدایە بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان یەكێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. 

بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی ژینگە، لۆكسمبۆرگ بە كۆكردنەوەی 70 خاڵ وەكو باشترین وڵات دیاری كراوە و عێراقیش یەكێكە لە خراپترینەكانە.

سەبارەت بە خراپترین وڵات لەڕووی پاراستنی ژینگەوە، کۆمەڵە دوورگەی کیریباسی بە کۆنمرەی 41.2 خاڵ بە خراپترین وڵات دیاری كراوە و دوای ئەویش تورکیا دێت کە دووەم خراپترین وڵاتە لەڕووی پاراستنی ژینگەوە بە کۆنمرەی 41.5 خاڵ و دواتر عێراق بە کۆنمرەی 43.3 خاڵ بە سێیەم خراپترین وڵات لەڕووی پاراستنی ژینگەوە دادەنرێت.   

لەم بەدواداچوونەدا، لەسەر بنەمای 25 پێوەری پاراستنی ژینگە، هەڵسەنگاندن بۆ 180 وڵات كراوە، لەوانە ژمارەی جۆری ڕووەک و ئاژەڵ، قەبارە و کوالیتی ناوچە پارێزراوەکان، تەندروستی شوێنی نیشتەجێبوون و کاریگەریی بەرنامەکانی پاراستنی ژینگە.

لە هەندێ ناوچەی عێراق بە تەواوی گۆڕانی كەشوھەوا هەستی پێ کراوە، جگە لەو شەپۆلە خۆڵبارینەی كە ساڵانە چەندینجار لە عێراق دووبارە دەبێتەوە، فڕێدانی پاشەڕۆ و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو و پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژینگەی عێراقی ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورە كردووەتەوە.