ژمارەی کوژراوان لە غەززە 42 هەزار کەسی تێپەڕاند

غەززە دوای بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل. وێنە: ئەرشیف
غەززە دوای بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل. وێنە: ئەرشیف

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 42 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و لەنێویان زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.

شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024 وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە بڵاوی کردەوە، ژمارە گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیل گەیشتە 42 هەزار و 924 کەس، لەو ژمارەیەش زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن و سەرجەمیان خەڵکی سڤیلن.

وەزارتەکەی ئەوەشی ڕاگەیاند، ڕێژەی برینداران لە کەرتی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری پار ساڵەوە و تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 100833 کەس.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ئاشکرای کرد، سوپای ئیسرائیل تەنیا لە ماوەی 22 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 820 هاووڵاتی فەلەستینی لە باکووری غەززە کوشتووە.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.