پارتی: بەرنامە و دروشمەکانی هەڵبژاردن کارنامەی ئاییندەمان دەبێت
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا و سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیى پارتى سوپاسى جەماوەرى خۆڕاگرى کوردستان دەکەن. هاوکات کۆمیتەی ناوەندیی پارتی تیشکی خستە سەر پەیوەندییە نێوخۆیى و عێراقى و هەرێمایەتییەکان و گوتی: پارتی بە ئاراستەى پاراستنى بەرژەوەندیی کوردستان و ڕێزگرتن لە سەروەرىى وڵاتانى دراوسێ هەنگاوى ناوە.
شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و هاوکات سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیى پارتى سوپاسى جەماوەرى خۆڕاگرى کوردستان دەکەن وەک خۆیان دەڵێن: پارتیان پاراست وەکو حزبى ژمارە یەکى کوردستان هەم لەڕووى ژمارەى دەنگ و هەمیش لە ڕووى کورسى پەرلەمانى لە سەرووى هەموو لایەنەکان مایەوە.
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تیشک خرایە سەر پەیوەندییە نێوخۆیى و عێراقى و هەرێمایەتییەکان و کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕایگەیاند، پارتی بە ئاراستەى پاراستنى بەرژەوەندیی کوردستان و ڕێزگرتن لە سەروەرىى وڵاتانى دراوسێ هەنگاوى ناوە و، هیوادارن کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە کە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ لە پەرەسەندندان بە دیالۆگ چارە بکرێة بەبێ زمانى هەڕەشە و بەکارهێنانى چەک.
هاوکات پارتی داواکارە لە عێراق خۆى بەدوربگرێت لەو کێشانە و تێوەنەگلێندرێت چونکە بارودۆخى عێراق زۆر هەستیارە و ئاڵنگاریى زۆرى لەبەردەم دا هەیە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی ڕاگەیاندن و هەڵمەتی میدیایی خرایە بەر باس و کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ئاماژەی بەوە کرد، ڕاگەیاندنى پارتی بە بەرپرس و کادیران و میدیاکارانى دەزگا و ناوەند و کەناڵەکانى تەلەفزیۆن ڕۆڵێکى بەرچاویان هەبوو لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا، هەم لە ڕووى هۆشیارکردنەوەى جەماوەر و گەیاندنى رێنمایى پێویست، هەمیش لە ڕووى بەرپەرچدانەوەى چەواشەکاریى ناحەزان.
جەختی لەوەش کردەوە، هەڤاڵان و ڕاگەیاندنی پارتی بە شێوازێکى شارستانى و دوور لە تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و نیگەرانکردنى خەڵکى کوردستان، بانگەشەیەکى میدیایى شیاویان لە ئاستى مێژوو و گەورەیى پارتى و ڕێبازى بارزانى نیشاندا.
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مهسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمرۆ شەممە ٢٦ ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونهوه به ساتێك وهستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاكی شههیدانی كوردستان، سهروهریان بارزانی نهمر و كاك ئیدریسی ههمشه لهیاد دهستی پێكرد، دواتر بە گوێرەى خشتەى دیاریکراوى کۆبوونەوەکە چەند بابەت و تەوەرێک خرانە بەر باس و گفتوگۆ کردن.
تەوەری یەكەم/ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان:
پڕۆسەى هەڵبژاردن بەر لە ئەنجامدانى لە ٢٠ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤، بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕى، هەر لە سەرەتاى بڕیار و دیاریکردنى یاسا و ڕێکارەکان، هەڵوێستى پارتیمان ڕوون و ئاشکرا بوو کە دەبێ هەڵبژاردن لە خزمەت پێشکەوتن و سەقامگیرى هەرێمەکەمان دابێت و دوربێت لە دەستێوەردان و بڕیارى پێشوەختە، هەروەها بە شێوەیەکى یاسایى و ئازادانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، لەو بارەوە لەکاتى خۆیدا مەکتەبى سیاسیمان ڕاگەیاندراوێکى بۆ بەرچاوڕوونى جەماوەرى کوردستان و عێراق و هەموو لایەنەکان بڵاوکردەوە. دواتر و دواى پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەى بەشێک لە هەڵەکان و ئەو گرفتانەى کە هەبوون، پڕۆسەى هەڵبژاردن بەو ڕێکارانەى کە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیاریکردن بەڕێوەچوو، لەگەڵ بوونى هەندێک تێبینى، پرۆسەکە سەرکەوتووانە ئەنجامدرا و، سەرۆک (مەسعود بارزانى) و سەرکردایەتى پارتى سوپاسى جەماوەرى خۆڕاگرى کوردستان بە گشتى و تەواوى ئۆڕگان و دامەزراوەکان و بەرپرس و کادیر و ئەندام و کەسایەتى و لایەنگرانى پارتیمان بە تایبەتى، هەروەها تەواوى بەرپرس و کادیرانى پارتى لە دامودەزگاکانى حکومەت و پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانیان کرد، کە بەوپەڕى دڵسۆزى و لێهاتوییەوە بەشدارى بەرێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردن بوون و بەشێوازێکى شارستانیانە ڕەفتاریان نواند چ لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردن و چ لەکاتى بەرێوەچوونى پڕۆسەکە لە ٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٤.
کۆبوونەوە سوپاس و پێزانینى سەرۆک بارزانى و کۆمیتەى ناوەندىى پارتى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان دووپاتکردەوە کە جارێکى دیکە متماتەیان بە خشیەوە بە پارتى و ڕێبازى بارزانى و، لە رێگاى پڕۆسەیەکى دیموکراتییەوە بە دەنگەکانیان پێشەنگیى پارتیان پاراست وەکو حزبى ژمارە یەکى کوردستان هەم لەڕووى ژمارەى دەنگ و هەمیش لە ڕووى کورسى پەرلەمانى لە سەرووى هەموو لایەنەکان مایەوە.
ئەم متمانە پتەوەى خەڵکى کوردستان ئەرکى پارتى لەم قۆناغە هەستیارەدا قوڕستر کردوە و، پارتیمان بەڵێن بە کوردستانیان دەدات لەگەڵ دەنگدەرانى خۆى وەکو هەمیشە ڕاستگۆ و لە ئاستى متمانەیان دابێت و، پەیام و بەرنامە و دروشمەکانى هەڵبژرادن بەشێک بن لە کارنامەى ئاییندە و بە جێبەجێ کردنیان خزمەتى وگەل و ڵاتمان دەکەین.
هەروەها سوپاسى تایبەتى گشت سەرپەرشتیار و بریکارەکانى پارتیمان لە بنکە و وێزگەکانى دەنگدان دەکەین، کە بەچاوکراوەیى و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى ڕەفتاریان کرد، هاوکات سوپاسى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و بەرپرس و فەرمانبەرانى دەکەین کە لە هەوڵ و کۆششى بەردەوام دابوون لە بەرێوەبردنى پرۆسەکە و چارەسەرکردنى گرفتەکان.
دامودەزگا ئەمنیەکانى کوردستان بۆ پاراستنى پڕۆسەکە و دەنگدەران و بنکەکانى دەنگدان ماندوبوون و توانیان کەشێکى ئارام و پارێزراو بۆ بەرێوەچوونى پڕۆسەکە فەراهەم بکەن، پارتیمان پێزانى بۆ ڕۆڵى کاریگەریان هەیە و سوپاسى یەک بەیەکیان دەکات.
کۆبوونەوە، سەرکەوتنى پڕۆسەى هەڵبژاردنى بە سەرکەوتنى دیموکراسیەت لە کوردستان ناوزەدکر و، لە ئێستادا پارتیمان چاوەڕێى ئەنجامەکانى کۆتایى هەڵبژاردن دەکات بۆ هەنگاونانى قۆناغى دواى هەڵبژاردن.
تهوهری دووهم/پهیوهندییهکانى پارتیمان:
لەم تەوەرەیەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییە نێوخۆیى و عێراقى و هەرێمایەتییەکانمان، کە پارتیمان بە ئاراستەى پاراستنى بەرژەوەندیی کوردستان و ڕێزگرتن لە سەروەرىى وڵاتانى دراوسێ هەنگاوى ناوە و، هیوادارین کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە کە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ لە پەرەسەندندان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن بەبێ زمانى هەڕەشە و بەکارهێنانى چەک، هەروەها داواکارىن عێراق خۆى بەدوربگرێت و لەو کێشانە تێوەنەگلێندرێت چونکە بارودۆخى عێراق زۆر هەستیارە و ئالنگارى زۆرى لەبەردەم دا هەیە.
تهوهری سێیهم/ خوێندنەوەى ڕاپۆرتى لیژنەى باڵاى سەرپەرشتى هەڵبژرادن و، بەشە پەیوەندیدارەکانى مەکتەبى سیاسى و مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکانى پارتیمان:
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ناوەرۆکى ڕاپۆرتەکان خرانە ڕوو و، کورتەیەک لە شێوازى کار و چالاکى هەڤاڵان و ئۆرگانەکان لە قۆناغەکانى؛ پلان و بەرنامەڕێژى و ئامادەکارى، هاندان و ئەنجامدانى پڕۆسەى دەنگدەر بە دەنگدەر، هەڵمەتى هەڵبژاردن و ڕێگریکردن لە چەواشەکارى و بێ ئومێدکردنى جەماوەر خرانە بەر باس، هەروەها ڕۆڵ و کاریگەرى بەرپرس و هەڤاڵان و ئۆرگانەکان، میحوەر و تیمە مەیدانییەکان، تیمەکانى ڕێکخراوەکانى ئافرەتان و قوتابیان و لاوان و، ڕێکخراوە پیشەییەکان تاوتوێ کران و ، ڕۆڵیان بە گرنگ و بەرز نرخێنرا. لە لایەکى دیکەوە ڕۆڵى بەرپرس و کادیرانى پارتیمان لە حکومەت و هێزى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کە هەموو بەیەکەوە و بە هەماهەنگى بۆ سەرخستنى لیستى (١٩٠)ى پارتیمان بەوپەڕى لێزانى و لە خۆبوردەییەوە کاریانکرد، بەرز نرخێنرا.
تهوهری چوارهم/ ڕاگەیاندن و هەڵمەتى میدیایى: ڕاگەیاندنى پارتیمان بە بەرپرس و کادیران و میدیاکارانى دەزگا و ناوەند و کەناڵەکانى تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، سۆشیال میدیا، ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە ڕۆڵێکى بەرچاویان هەبوو لەم پڕۆسەیەدا، هەم لە ڕووى هۆشیارکردنەوەى جەماوەر و گەیاندنى رێنمایى پێویست و پەیامى پارتیمان، هەمیش لە ڕووى بەرپەرچدانەوەى چەواشەکاریى نا حەزان، هەڤاڵان و ڕاگەیاندنمان بە شێوازێکى شارستانى و دوور لە تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و نیگەرانکردنى خەڵکى کوردستان، بانگەشەیەکى میدیایى شیاویان لە ئاستى مێژوو و گەورەیى پارتى و ڕێبازى بارزانى نیشاندا.
تهوهری پێنجهم/ كۆبوونهوه گفتوگۆى پێویستى لەبارەى قۆناغى دواى پەسەنکردنى ئاکامەکان و ڕێکارە یاساییەکانى پێکهێنانى کابینە و دامودەزگا شەرعیەکانى هەرێم ئەنجامدا، هەروەکو پێشتر جەنابى سەرۆک و مەکتەبى سیاسى جەختیان کردوە کە لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیى و نیشتمانییەکان و پاراستنى قەوارەى دەستوورىى هەرێم، پارتیمان ڤیتۆى لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نیە و، ئەوەى لاى پارتى پێشینە و گرنگە لەم قۆناغەدا پاراستنى قەوارەى هەرێم و هەبوونى یەک حکومەتى سەرتاسەرى و پاراستنى ماف و ئازادییەکانى خەڵکى کوردستان و خزمەتکردنى هاووڵاتیانە، بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوە دەسەڵاتى دا بە مەکتەبى سیاسى کە بە گوێرەى پێویست بەرنامەڕێژى بکات و هەنگاوى گونجاو بنێت.
تهوهری شهشهم/ لە تەوەرى کۆتایى کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کێشە و کەموکوڕییەکانى پڕۆسەکە و، بڕیاردرا کە تەواوى گرفت و کێشەکان دەستنیشان بکرێن و، گرفتەکانى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەى کارتى دەنگدان کە بەهۆیەوە ژمارەیەکى زۆر لە دەنگدەران بێ بەش بوون لە مافى دەنگدانیان و، هەروەها ئاڵۆزى پسولەى دەنگدان کە بووە هۆى پوچەڵکردنەوەى ژمارەیەکى زۆر لەدەنگى ئەو خەڵکەى بە تاسەوە چوونە سەر سندوقەکانى دەنگدان بۆ دیاریکردنى نوێنەرى خۆیان لە هەڵبژاردن، چارەسەر بکرێن بۆ ئایندە.