لە هێرشێکدا 10 پۆلیس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران کوژران

پۆلیسی ئێران
پۆلیسی ئێران

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە،لە هێرشێکدا ئەمڕۆ شەممە، 10 پۆلیس لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێراندا لە ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سیستان و بەلوچستانی هاوسنوور لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان کوژران.

شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەردوو ئاژانسی میهر و تەسنیمی ئێران بڵاویان کردەوە،هێرشێکی تیرۆریستی لە ناوچەی تفتان دژی هێزەکانی پۆلیس ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە 10 پۆلیس کوژراون، بێ ئەوەی  زانیاری زیاتر لەبارەی شێوە و جۆری هێرشەکە و ئەنجامدەرانی ئاشکرا بکات.

تا ئێستا هیچ لایەنێک ئەنجامدانی هێرشەکەی نەخستۆتە ئەستۆی خۆی کە بەدووری 1200 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی تارانی پایتەخت ڕوویداوە.

ئاژانسەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێزەکانی ئاسایشەوە وەریان گرتووە، ئاشکرایان کردووە کە 10 لە ئەندامانی پۆلیس لە بۆسەیەکدا کوژراون.

دەشڵێت: ئەو هێرشە یەک لەو هێرشانەیە کە زۆرترین قوربانیی لێکەوتبێتەوە لەماوەی ڕابردوودا.

ئاژانسی ئێرنا ئاشکرای کردووە، یەکەی نەهێشتنی تیرۆر لە پۆلیس، یەک لە هێرشکارەکانی لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیرکردووە، هیچ زانیاریی زیاتری لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

سیستان و بەلوچستان کە هاوسنوورە لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان، یەکێکە لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێران کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی سوننەن.

لەم  پارێزگایە زۆرجار شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکان ڕوودەدات.