ئۆستن: وەڵامدانەوەی ئێران بۆ لێدانی ئیسرائیل هەڵەیە

پنتاگۆن ڕایگەیاند، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە گفتوگۆیەکدا بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی "یۆئاڤ گالانت"ـی گوتووە، وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل هەڵەیە.
پنتاگۆن بەیننامەکەی دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان هەردوو وەزیرەکە بڵاو کردەوە، ئاماژەی بەوەش دا "ئۆستن بە وەزیری ئیسرائیلی گوتووە: ئێران نابێت هەڵە بکات و وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە."
لە بەیاننامەکە ئاماژە بەوەش کراوە "وەزیری بەرگریی دووپاتی کردۆتەوە، ئەمەریکا ئامادەیە هێز و پێگە و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بپارێزێت، بڕیاریشە ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدات ئەو گرژییە بقۆزێتەوە یان ململانێکان فراوانتر بکات."
لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند شوێنێکی ئێران دەست پێ کرد، ئەمەش لە کاردانەوەی ئەو هێرشە مووشەکییانەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە 1ـی ئۆکتۆبەردا.