کوردێک بۆ جاری سێیەم بە ئەندامی پەرلەمانی جۆرجیا هەڵبژێردرایەوە

'ئیسکۆ داسنی' کوردێکی ئێزدیی جۆرجیایە، دوای ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی جۆرجیا، توانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و بۆ جاری سێیەم ببێتەوە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە.
ڕۆژی شەممە، 26-10-2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی جۆرجیا بەڕێوە چوو، بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان کە ناوەندی هەڵبژاردنەکانی جۆرجیا ڕایگەیاندووە، جارێکی دیکە پارتی فەرمانڕەوا "پارتی هیوا" متمانەی زۆرینەی دەنگدەرانی بەدەست هێنا و زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی دەستەبەر کردووە.
ئیسکۆ داسنی، سیاسەتمەدارێکی کوردی ئێزدیی جۆرجیا، بۆ جاری یەکەم لە 8ـی ئۆکتۆبەری 2016 لەسەر لیستی پارتی هیوا، توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێ و بۆ یەکەمجار بچێتە پەرلەمان.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 31-10-2020 بۆ جاری دووەم متمانەی دەنگدەرانی بەدەست هێنایەوە.
هەروەها لە ڕۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، بۆ جاری سێیەم سەرکەوتنی بەدەست هێناو ڕیکۆردێکی نوێی تۆمار کرد، ئیسکۆ داسنی لە 30ـی ئاداری 1958 لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا لەدایک بووە.
