لە فلیپین زریانی ترامی بوو بە هۆی مردنی 100 کەس

بەپێی هەواڵێکی ئاژانس فرانس پرێس، بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییە ناوخۆییەکانی فلیپین، زریانی ترامی بووەتە هۆی مردنی 100 کەس. 

هەروەها بەهۆی ئەو لافاوەی دروست بووە کارمەندانی فریاگوزاری هەوڵ دەدەن یارمەتی ئەو کەسانە بدەن کە گیریان خواردووە.

دەزگای نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی فلیپین ڕایگەیاندووە "لە ئەنجامی بای بەهێز و بارانی بەخوڕ، زریانی ترامی دروست بووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن کەس و زریانەکە سەدان شارۆچکەی باکووری فلیپینی گرتووەتەوە."

ئاندرێ دیزۆن، بەڕێوەبەریی پۆلیسی ناوچەی بیکۆڵ، ڕایگەیاند "زریانەکە کاریگەری خراپی هەبووە و بووەتە مردنی 31 کەس لەو ناوچەیە کە زۆربەیان خنکاون."

بەرپرسانی ناوچەکەش ڕاگەیاندووە، دانیشتووان لەسەربان و نهۆمەکانی سەرەوەی ماڵەکانیان گیریان خواردووە. بەڕێوەبەری پۆلیسیش دەڵێت: "دەبێت بە خێرایی یارمەتیان بدەین."

فێردیناند مارکۆس، سەرۆکی فلیپین، دوێنێ شەممە، سەردانی پارێزگای کامارینز سووی کرد کە دەکەوێتە ناوچەی بیکۆل. هاوکات هەندێک ناوچە بەتەواوی ژێرئاوکەوتوون و هاوکاریکردنیشیان ئەستەمە.

مارکۆس، لە لێدوانێکیدا بۆ بەرپرسانی حکوومەت گوتی: "کێشەی سەرەکیمان ئەوەیە کە زۆرێک لە شوێنەکان هێشتا ژێرئاو کەوتوون."

لە کاتێکدا ئاماژەی بەوە دا  "سیستەمێک هەیە ڕێگە بە کۆنترۆڵکردنی لافاو دەدات، بەڵام ئاماژەی بەوە دا، بڕی ئاوەکە کۆنترۆڵ ناکرێ و ئەوەش گۆڕانی کەشوهەوایە. بابەتێکی نوێیە، بۆیە دەبێت چارەیەک بدۆزینەوە."