بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەسەر پێدانی دۆلار بە گەشتیاران ڕوونکردنەوە دەدات
یەکشەممە، 27ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بانکی ناوەندیی عێراق ڕەزامەندیی بە بانکی TBI داوە بۆ ئەوەی نووسینگەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە نێو فڕۆکەخانەی هەولێر بکاتەوە، بەڵام هیچ بڕیار و نووسراوێکمان بە فەرمی بە دەست نەگەیشتووە بۆ کردنەوەی نووسینگەی هیچ بانکێک و فرۆشتنی هەر 100 دۆلارێک بەرانبەر بە 132 هەزار دینار بە گەشتیاران."
ڕۆژی شەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2024 بانكی بازرگانیی عێراقی ناسراو بە TBI بڵاوی کردووەتەوە "دوو بنکەی فرۆشتنی دۆلار لە هەر یەک لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکەینەوە، تێیاندا خزمەتگوزاریی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران پێشکەش دەکەن، بەڵام پێویستە پێشوەختە هەر گەشتیارێک پارەی دیناری بە شێوەی کاش لە یەکێک لە بانک و لقەکانی بانکی بازرگانی عێراقی لە پارێزگاکانی موسڵ، هەولێر، سلێمانی، دهۆک دابنێت."
ڕوونیشی کردووەتەوە "بنکەکانی پێدانی دۆلار لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەکدا و 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، دەست بەکار دەبن."
ئهمه لە کاتێکدایە، بە پێی بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە 14ـی تەممووزی 2024ـەوە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی عێراق دەستی پێ کرد، بەڵام بڕیارەکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی جێبەجێ نەکراوە.
بانکی ناوەندیی عێراق دەیەوێت دۆلار بگاتە گەشتیاریی ڕاستەقینە؛ بە گوێرەی بڕیارەکە، هەر گەشتیارێک سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار، پێ دەدرێت، بە مەرجێک گهشتیار تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتر بێت و گەشتەکەشی بۆ ئەو وڵاتانە نەبێت کە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان. له بهرانبهردا ههر گهشتیارێك 15 ههزار دیناری لێ وهردهگیرێت.