ئیسرائیل.. لە ئەنجامی پێکدادانی بارهەڵگرێک بە وێستگەیەکی پاسدا دەیان کەس بریندار بوون
پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاند "لە ئەنجامی پێکدادانی بارهەڵگرێک بە وێستگەیەکی پاس، لە شاری گلیلۆت لە باکووری تەلئەڤیڤ، دەیان کەس بریندار بوون."
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە "پاسێک لە نزیک وێستگەیەک وەستاوە بۆ ئەوەی سەرنشینەکان دابەزێنێت، لەو کاتەدا بارهەڵگرێک خۆی پێدا کێشاوە؛ بەڵام هەندێک لە هاووڵاتییان ئەوە بە کاری تیرۆرستی دەزانن."
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بە پشت بەستن بە ماگن دەیڤید ئادۆم، بڵاوی کردەوە "پزیشکی فریاگوزاری 35 برینداریان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەکان، کە 6 کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و 5 کەسیان باری تەندروستییان مامناوەندە، 20 کەسی دیکەشیان تەندروستییان باشە و 4 دیکەشیان لە ژێر چاودێریی چڕدان."
سەرچاوە پزیشکیەکان ڕایانگەیاندووە "زۆرێک لە بریندارەکان لە شوێنی ڕووداوەکە تیمار کراون، ئەوانەی برینەکەیان زۆر و سەختە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
ماگن دەیڤید ئادۆم پێشتر ڕایگەیاندبوو "لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا زیاتر لە 40 کەس بریندار بوونە، کە برینی هەندێکیان سەختە."