شوان کەلاری: پەرلەمانتار هەیە بە ئاشکرا داکۆکی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس دەکات

شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق
شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: سوننەکان نەیانەوێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕش هەڵوەشێتەوە تا زەوییەکان لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ خاوەنە ڕاستییەکانیان بگەڕێندرێنەوە. گوتیشی: بە داخەوە پەرلەمانتار هەیە بە ئاشکرا داکۆکی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر سێ تەوەری هەستیار و گرنگ کۆ بووەوە، تەوەرەکانیش بریتیبوون لە؛ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی، پرۆژەیاسای هەمواریی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 و پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکانە بۆ خاوەنەکانیان.

لەم بارەیەوە، شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق سەرەتا 174 پەرلەمانتار ئامادەیبوون و کۆبوونەوەکە دەستی پێکرد، دواتر سوننەکان دەستیان کرد بە کێشە دروست کردن.

ئاماژەی بەوە دا، سوونەکان بیانووی نایاساییان هەبوو، داوای ئەوەیان دەکرد وەزیری دارایی و بەرگریی عێراق ئامادەی دانیشتنەکە بن، لە کاتێکدا بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە ڕۆژی دەنگدان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکاندا وەزیری بۆی نییە بێتە پەرلەمان، تەنیا دەتوانێت لەکاتی خوێندنەوەی دووەمدا بێت.

 جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: زۆر بە داخەوە تا ئێستاش لەناو پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتار هەیە بە ئاشکرا داکۆکی لە بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەکات و نایانەوێت بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێتەوە تا زەوییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

باسی لەوەش کرد، لە دانیشتەنەکدا ئاڵۆزی دروست بوو  و سوننەکان ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونیان شکاند، بەڵام تا ئێستا دانیشتنەکە هەڵنەگیراوە، ئەگەر ئەوان نەیەنەوە بۆ هۆڵی پەرلەمان، ئێمەش ئەو بڕگانەی کە تایبەتە بەوان ناهێڵین تێپەڕێندرێن.

شوان کەلاری، جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر بڕگەی یەکەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش نەکرێت، ئەوا ئێمە وەک هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون دەشکێنین و بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەین.

 
 
Fly Erbil Advertisment