شێروان دووبه‌ردانی: شیعه‌ و سوننەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس نین

شێروان دووبه‌ردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبه‌ردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: زۆرینەی لایەنە شیعی و سوننییەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس پەیوەست بە داگیرکردنی زەویوزاری ناوچە کوردستانییەکان نین.

یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، شێروان دووبه‌ردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: لایەنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس دەکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناکۆکی زۆری لایەنە عەرەبییەکان هەیە لەسەر پرۆژەبڕیارەکە بۆیە هەموارکردنەوەکە دوا دەکەوێت.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، زۆرینەی لایەنە شیعی و سوننییەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس پەیوەست بە داگیرکردنی زەویوزاری ناوچە کوردستانییەکان نین.

گوتیشی: لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان ناوچەکانی ئەوانیش بگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند تەوەرێکی هەستیار و گرنگ کۆ بووەوە، تەوەرەکانیش بریتیبوون لە؛ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی، پرۆژەیاسای هەمواریی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 و پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکانە بۆ خاوەنەکانیان و پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی.

هاوکات بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران لەسەر پرۆژەیاساکانی هەمواری باری کەسێتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و خانەنشینی حەشدی شەعبی، سەرەتا موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت، دەنگدانی لەسەر ئەو چەند پڕۆژەیاسایانە دواخست، بەڵام دواتر دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت.

هەروەها شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: زۆر بە داخەوە تا ئێستاش لەناو پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتار هەیە بە ئاشکرا داکۆکی لە بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەکات و نایانەوێت بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێتەوە تا زەوییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

 

 

Fly Erbil Advertisment