ئاڵنگارییهكانی بهردهم عێراق و لوبنان

عێراق و لوبنان، دوو لەو وڵاتانەن بەهۆی بوونی گرووپی چەکدار و دەسەڵاتی ناوچەیی، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دووچاری چەندین کێشە و ئاڵنگاریی بوونەتەوە. بەجۆرێک لەڕووی ئابووری، سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە بوونەتە سەرئێشە بۆ حکوومەت و خەریکە هەردوو وڵات پەلکێشی شەڕێکی فراوان دەکەن.
لە تەواوی جیهان و لەو وڵات و هەرێمانەی تەواوی جومگەکانی دەسەڵات بەدەست حکوومەتەوە نین و گرووپ و لایەنێکی دیاریکراو حوکمی ناوچەیەک دەکەن، زۆرترین کێشە و مەترسی، لەڕووی ئابووری، سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە رووبەڕووی ئەو وڵاتە دەبنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری لاوازی وڵاتەکە و حکوومەت وەک پێویست ناتوانێت ئەرکی خۆی جێبەبێ بکات.
دوو لەو وڵاتانەی لایەنێک و گرووپێکی چەکدار تێیاندا دەسەڵاتیان هەیە و هەژموونیان بەسەر حکوومەت و وڵاتەکەوە هەیە، لوبنان و عێراقن.
لە لوبنان حزبوڵڵای لوبنان هەیە، لە ساڵی 1982 و ئەو کاتەی وڵاتەکە لەگەڵ ئیسرائیل لە شەڕدا بوو، دامەزرا، ئەم گرووپە بە نزیکەیی 100 هەزار چەکداری هەیە. سەرەتا ئامانجی دروستبوونی حزبوڵڵای لوبانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل بوو، بەڵام دواتر تێکەڵی سیاسەت بوو، ب ەجۆرێک ئێستا لە پەرلەمانی لوبنان خاوەنی 15 کورسییە.
بوونی حزبوڵڵا لە لوبنان چەندین کاریگەریی نەرێنی لەسەر وڵاتەکە هەیە، بە جۆرێک بوونەتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر وڵاتەکە، ئێستا باشووری لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان دەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتی وڵاتەکەی قۆرخکردووە و بەجۆرێک حکوومەت دەسەڵاتی بەسەر تەواوی وڵاتەکە نییە، ئابووری لوبنانیشی قۆرخکردووە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریدەهێنێت. حزبوڵڵا زۆرجار ڤیتۆی ئەو بڕیار و یاسایانەش دەکات، کە لە پەرلەمانی لوبنانەوە دەردەکرێن. چەند جارێکیش بەربەستی بۆ پێکهێنانی حکوومەت دروست کردووە.
بە هەمان شێوە لە عێراقیش بە دەیان گرووپی چەکداری لە یاسا دەرچوو هەن، چەندین کاریگەری خراپیشیان لەسەر وڵاتەکە هەیە، لەوانەش، بەهەدەردانی سامانی وڵات، ئەم گرووپانە لە یاسا دەرچوون و بە جۆرێک لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بوونەتە سەرئێشە بۆ حکوومەت. پێچەوانەی هەڵوێستی حکوومەت مامەڵە دەکەن و خەریکە وڵاتەکە پەلکێشی شەڕ دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ناوچەیەکی دیاریکراوی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان کۆنترۆڵ کردووە.