ئه‌مه‌ریكا.. بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی گه‌رمتر ده‌بێت

هەردوو بەربژێرانی سەرۆکایەیتی ئەمەریکا لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوامن و ویلایەت ویلایەت دەگەڕێن بۆ ئەوەی بتوانن متمانەی دەنگدەری ئەمەریکی بەدەستبهێنن و بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بگرنە دەست. هەردوولاش بانگەشی گۆڕانکاری بنەڕەتی و ژیانێکی خۆشتر بۆ ئەمەریکییەکان دەکەن.

کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتتی ئەمەریکای زلهێزترین وڵاتی جیهان. بەربژێرەکان کەوتوونەتە خۆیان و هەرچی لە هەگبەیاندایە دەیخەنەڕوو بۆ ئەوەی سەرنجی زۆرترین دەنگدەر بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.

بەربژێرەکان لە باکوو بۆ باشوور و لە ڕۆژهەڵات تا ئەو پەڕی ڕۆژئاوای وڵات دەچن تا پلان و سیاسەتی خۆیان بۆ چوار ساڵی داهاتووی کۆشکی سپی بۆ ئەمەریکییەکان باس بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ئەوان پێویستە کەسایەتییەکان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خەڵک بچنە کەرنەڤاڵی بانگەشەکان، دواتر پاسیان بۆ دەنێرن، ئێمە پاس بۆ هیچ کەسێک نانێرین، هەموویان خۆیان دێن.

دەشڵێت: زۆر بە سادەیی، جارێکی دیکە ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە. ئەمڕۆ پەیامێکم هەیە، بە دەنگی ئێوە کۆتایی بە هەڵاوسان دێنم و کۆتایی بە داگیرکاریی تاوانباران لە وڵاتەکەمان دێنم و خەونی ئەمەریکا بۆ ئێوە و منداڵەکانتان دەگەڕێنمەوە. هەموو ئەوەی پێویستە بیزانن، کامەلا تێکی دا و من چاکی دەکەمەوە.

کامەلا هاریسی رکابەری ترەمپ و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی وڵات، لە ویلایەتی فیلادێلفیاوە قسەی بۆ ئەمەریکییەکان کرد و هانیدان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هاریس ئاماژەی بەوە دا، "هەر یەک لە ئێمە دەرفەتی درووستکردنی جیاوازی هەیە، چونکە لەم ساتەدا ڕووبەڕووی پرسێکی جددی بووینەتەوە. ئەویش، ئایا دەمانەوێت لە چ جۆرە وڵاتێکدا بژین؟"

گوتیشی: ئێستا ئەمە لەبەر دەممان دایە، کە چ وڵاتێکمان بۆ منداڵ و نەوەکانمان دەوێت، وڵاتی ئاژاوە و چارەنووس و ترس و ڕق یاخود وڵاتی ئازادی و دادپەروەری و بەزەیی.

بەگوێرەی ئاماری ڕاپرسییەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، باڵانسی هێز گۆڕانکاری بەسەر داهاتووە و کامەلا. کە دوای دیبەیتەکە لە ڕاپرسییەکاندا لە پێش ترەمپ بوو، ئێستا خەریکە پاشەکشە دەکات و ترەمپ جارێکی دیکە دێتەوە پێشەوە.