سیسی پێشنیازی ئاگربەستێکی دوو ڕۆژە لە غەززە دەکات

عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر پێشنیازێکی ئاگربەستی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە غەززە پێشکەش کرد لە بەرامبەر ئازادکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی و ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی.
یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر ڕۆژی پێشنیازێکی ئاگربەستی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە غەززە پێشکەش کرد لە بەرامبەر ئازادکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی و ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی بەمەبەستی ڕێگەخۆشکردن بۆ وەستاندنی تەواوی شەڕی خوێناوی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە.
ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدایە کە لە قەتەر گفتوگۆی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا و قەتەر بەڕێوەدەچێت.
سیسی کە وڵاتەکەی یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوبژیوانی شەڕەکە دەکات، پێشنیازی ئاگربەستی دوو ڕۆژی کرد بۆ ئەوەی چوار بارمتە لەگەڵ چەند بەندکراوێک لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل ئاڵوگۆڕ بکرێن، دواتر لە ماوەی 10 ڕۆژدا دانوستان دەکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکان لە کەرتی غەززە کە ببێتە هۆی ئاگربەستی تەواو و گەیشتنی یارمەتی مرۆیی.
ئەم پێشنیازە لە ساڵیادی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەپێی ساڵیادی عیبری، لە 7 ی تشرینی یەکەم دێت کە 1206 کەس تێیدا کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، لەو هێرشەدا 251 کەس ڕفێندراون کە 97 کەسیان لە غەززە ماونەتەوە و سوپا دەڵێت 34 کەسیان کوژراون.